شاندێكی لێژنەی پێشمەرگە لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبووەوە
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٨/٢٢، شاندێكی لێژنەی کاروباری پێشمەرگە له په‌رله‌مانی كوردستان، بە سەرۆکایەتیی ڕێڤينگ هرۆری، سەرۆکی لیژنە و ئه‌ندامیه‌تیی باپیر کامەلا و سەعید هەرکی و حیکمەت محه‌مه‌د، ئه‌ندامانی لێژنه‌كه، سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەى حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد و له‌گه‌ڵ فەریق عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک و ئەندامانی شاندی لێژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان، وێڕای گه‌یاندنی پیرۆزبایی خۆیان و لێژنه‌كه‌یان به سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له پۆسته‌كه‌ى، تیشکیان خستەسەر کۆمەڵێک کێشە و گرفتی تایبەت بە هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕووی خانەنشینبوون و پلەبەرزکردنەوە و یەکخستن و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و جێبەجێکردنی یاسابەرکارەکان و بابەتی بەستنی دەرماڵە و هەژمارکردنی بڕوانامە و سەرمووچە، هەروەها بارودۆخی پاراستنی میحوەر و سنوورەکان و چاکسازییەکانی وەزارەت و چەندین بابەتی تری پەیوەندیدار بە هێزەکانی پێشمەرگە.
لای خۆیەوە، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، ڕوونکردنەوەی پێویستی لەسەر سه‌رنج و تێبینییه‌كانی شاندى لێژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان و گشت کێشە و گرفتەکان و پلانی چارەسەرکردنیانی بۆ شاندی میوان خستەڕوو و باسی ئه‌و کۆسپ و ئاڵنگارییانه‌شى کرد کە لەكاتی جێبه‌جێكردنی پرۆسەی چاکسازیدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
لە تەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە کرده‌وه کە ده‌بێت یاساکانی تایبەت بە هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخرێن و هەموار بکرێنەوە بەشێوەیەک کە بتوانرێت بە وردی چارەسەری گشت کێشە و گرفتەکانى تێدا جێگیر بكرێت.
هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، سەرۆکی ئەرکان تیشکی خستەسەر سەردانی بەرپرسانی باڵای وەزارەتى پێشمه‌رگه بۆ وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیا لەماوەی رابردوودا، کە تێیدا دواین پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تیرۆر له عێراق و مه‌ترسییه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش تاووتوێ كرابوو، هەروەها قارەمانێتى و خەبات و قوربانیى هێزەکانى پێشمەرگە بەرز نرخێندرابوو، پێویستی و بەردەوامیی پشتگیرى و هاریكاریى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه و له‌ناوبردنى تیرۆر گفتوگۆى له‌سه‌ر کرابوو، بۆ ئەمەش هاوپەیمانان جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌رده‌وامیى به‌شدارى و ئه‌ركى هێزه‌كانیان له چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش و پشتگیریی هه‌رێمى كوردستان و هێزەکانی پێشمەرگه لە ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆردا كردبۆوه.
لە کۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، هەردوولا جەختیان لەسه‌ر کاری پێکەوەیی لە پڕۆسەی چاکسازیی سەربازی لەپێناو گەشەسەندن و بەدامەزراوەییکردنی زیاتری هێزەکانی پێشمەرگە کرده‌وه.