شاندێكی لێژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار سه‌ردانی ئیداره‌ى ڕاپه‌ڕین ده‌كات
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٢/٨/٢٨، شاندێکى لێژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار، به‌سه‌رۆكایه‌تیی لوقمان وه‌ردى، سه‌رۆكی لێژنه و ئه‌ندامیه‌تیی ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانى لێژنه‌كه، سەردانی ئیدارەی ڕاپەڕینى کرد.
سەرەتا شاندى لێژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان لە دیوانی ئیدارەی ڕاپەڕین، لەلایەن ھیوا قەرەنی ئاغا، سه‌رپه‌رشتیارى ئیداره‌ى ڕاپه‌ڕین، پێشوازیى لێكرا و لە دیدارێکدا ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، ئاستەنگ و گرفتەکان و ڕێگهچارەسەرییهكان گفتوگۆیان له‌باره‌وه کرا.
دواتر لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی ڕاپەڕین ماوەی سێ کاتژمێر لەگەڵ سەرجەم سەرۆک شارەوانییەکانی سنووره‌كه و گەشتوگوزاری ڕاپەرین کۆبووەوە و چه‌ندین پرسی گرنگ گفتوگۆیان له‌باره‌وه كرا، له‌وانه پرسى زێدەڕۆیی کردنەسەر زەوی و موڵکی گشتی، خزمەتگوزاریی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و چارەسەرییه‌كان، پڕۆژە تەواونەکراوەکانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، ئاودێری و پاراستنی سەوزایی شار‌و شارۆچكەکان، کێشەی ئیفرازی زەوی و قەرەبووکردنەوەی خاوەن موڵکەکان، ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای بەخاوەنکردنی خانووەزێدەڕۆکان، هه‌روه‌ها کێشە و گرفتەکانی بانەوانی و ڕسومات.
له درێژه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا، شاندی لێژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ڕاپەڕین لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاوی ڕانیە، قەڵادزێ، حاجی ئاوا، چوارقوڕنە و بەڕێوەبەرانی گواستنەوە و گەیاندن، شوێنەواری ڕاپەڕین کۆبووەوە و سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانی ئاووئاوەڕۆ، گواستنەوە و گەیاندن و شوێنەوارى سنووره‌كه گفتوگۆ کرا.