به‌سه‌رپه‌رشتیى سه‌رۆكى په‌رله‌مان
ڕاپۆرتى دەنگدان لەسەر پڕۆژه‌یاساى كار ئاماده ده‌كرێت
بەمەبەستی ئامادەکردنی ڕاپۆرتى دەنگدان لەسەر پڕۆژه‌یاساى كار لە هەرێمی کوردستان-عێراق، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ٢٠٢٢/١٢/١٤، به‌سه‌رپه‌رشتیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان، له هۆڵی پرۆتۆكۆل له ته‌لارى په‌رله‌مان، كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەنێوان وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی و وەزیری هەرێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان و هه‌ردوو لێژنەی كاروباری یاسایی و لێژنه‌ی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان، بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا، كه كوێستان محه‌مه‌د، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، د. ڤالا فه‌رید، وەزیری هەرێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان، بژار كۆچەر، سه‌رۆكی لێژنه‌ی كاروبارى یاسایی، گوڵستان سه‌عید، جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ی كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له مافی مرۆڤ و ژمارەیەك لە ئەندامان و ڕاوێژکارانی هه‌ردوو لێژنه‌كه ئاماده‌یبوون، هه‌ر ١٥٩ ماددەکه‌ی پڕۆژه‌یاساى كار کە تایبەت بوون بە بنه‌ما و مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كان و به‌كارخستن و ڕاهێنانى پیشه‌یی و ڕێكخستنى كارى كرێكارانى بیانى و گرێبه‌ستى كارى كه‌سی و ماف و پابه‌ندییه‌كانى كرێكاران و خاوه‌نكاران و دیاریكردنى كرێ و كاتژمێره‌كانى كاركردن، بە وردی تاووتوێ كران.
دوای گۆڕینەوەی ڕاو و سەرنجەکانی ئامادەبووان لەبارەیانه‌وە، ڕاپۆرتی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای کار ئامادە کرا تاوەکو لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەماندا دەنگی لەسه‌ر بدرێت و لە داهاتوودا وەکو یاسایەک کاری پێبکرێت لە کەرتی گشتی و تایبەتدا.