Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌ كونسوڵی گشتیی كۆماری چینی میللی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد

پاشنێوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١٢/٦، د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ نی ڕووچی، كونسوڵی گشتیی كۆماری چینی میللی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ به‌مه‌به‌ستی ماڵئاواییكردن به‌بۆنه‌ی ته‌واوبوونی ئه‌ركه‌كه‌ی وه‌ك كونسوڵی گشتیی چین له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانی كردبوو.
له‌ دیدارێكدا، د. هێمن هه‌ورامی، وێڕای گه‌یاندنی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیی خۆی به‌ كونسوڵ و گه‌ل و حكوومه‌تی كۆماری چینى میللی به‌هۆی كۆچی دوایی ژیانگ زێمین، سه‌رۆكی پێشووتری چین، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئه‌رك و كاره‌كانی كونسوڵی گشتیی چین ده‌ربڕی كه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی ئه‌ركه‌كه‌یه‌وه‌ كاری له‌سه‌ر كردووه‌ و هیوای سه‌ركه‌وتنیشی بۆ خواست له‌ ئه‌رك و په‌رپرسیاریه‌تیی داهاتوویدا.
لای خۆیه‌وه‌، نی ڕووچی، كونسوڵی گشتیی كۆماری چینی میللی، سوپاسى جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد بۆ پێشوازیلێكردنیان و به‌ گرنگیشه‌وه‌ باسی له‌ په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگیی نێوان كونسوڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی و په‌رله‌مانی كوردستانی كرد.
له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌هێزتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و هه‌ماهه‌نگیی زیاتر له‌ گشت بوار و سێكته‌ره‌كاندا كرده‌وه‌.