Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیی له‌ كونسوڵی گشتیی نوێی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١٢/١٤، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ کلاوس شتغایشە، كونسوڵی گشتیی نوێی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌ دیدارێكی نێوانیاندا، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای پیرۆزباییكردن له‌ کلاوس شتغایشە، كونسوڵی گشتیی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ ئه‌ركه‌ تازه‌كه‌یدا، خۆشحاڵیی خۆی به‌و سه‌ردانه‌یان و له‌ نزیكه‌وه‌ ناسینیان ده‌ربڕی، هیواشی خواست له‌ ئاینده‌دا بتوانن بەرده‌وامی بە په‌یوه‌ندییه‌ دۆستانە و مێژووییەکەی و نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی ئه‌ڵمانیا بده‌ن و بەرەوپێشتری ببەن.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا، بارودۆخی ئێستای سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی تاووتوێ کرا و هەردوولا جەختیان لە هاوهەڵوێستی و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکان کردەوە، وەک باشترین بژاردە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلى كوردستان.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا، د. ڕێواز فائق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پوختەیەکی لەباره‌ى کارەکانی پەرلەمان خستەڕوو و ڕاشیگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان خاوه‌نی چه‌ندین یاسای گرنگ و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و لە ئێستاشدا چەندین پڕۆژەیاسای دیکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیان بۆ کراوە بۆئه‌وه‌ی لە دانیشتنەکانی داهاتووی پەرلەماندا وەک یاسایەک دەربچن و کاریان پێبکرێت".
لای خۆیه‌وه‌، کلاوس شتغایشە، كونسوڵی گشتیی نوێی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان، سوپاسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانى كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی و خستنه‌ڕووى تێڕوانینه‌كانی به‌رامبه‌ر ئه‌و پرسانه‌ی كه‌ باس كران.
له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگیی گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان و هاوئاهه‌نگیی زیاتری نێوانیان كرده‌وه‌.