Skip to the content
Menu

لێژنه‌ی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی له‌گه‌ڵ وه‌زیری كاروبارى شه‌هیدان كۆبووه‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندن و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌ و گرفته‌كانى كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانییانی سیاسی، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١٢/١٨، لێژنه‌ی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی، به‌سه‌رپه‌رشتیی سوسن محه‌مه‌د میرخان، سه‌رۆكی لێژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆكی لێژنه‌ و بڕیارده‌ر و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی و ڕاوێژكارانی لێژنه‌كه‌، له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود، وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ د. ڤالا فه‌رید، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان ئاماده‌یبووو، سه‌رجه‌م كێشه‌ و گرفته‌كانی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و سكاڵا و داواكارییه‌كانیان خرایه‌ به‌رده‌م وه‌زیری كاروبارى شه‌هیدان و گفتوگۆى چڕوپڕیان له‌باره‌وه‌ كرا.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، بڕینی مینحه‌ی ڕزگاربووانی ئەنفال و كێشەكانی تاقانه‌كانی ئه‌نفال و چۆنیه‌تیی دامه‌زراندنی كه‌سوكاری شه‌هیدان و هۆكاره‌كانی سست ڕاییكردنی مامه‌ڵه‌كانیان تاووتوێ كران.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، باس له‌ هۆكاره‌كانی ڕاگرتنی پێنه‌دانی ١١ هه‌زار پارچه‌ زه‌وی و میكانیزمی پێداچوونه‌وه‌ به‌ لیستی شه‌هیدانی سه‌نگه‌ر كرا، كه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوودا كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانییانی سیاسی ڕه‌خنه‌ و سكاڵاكیانیان له‌وباره‌یه‌وه‌ گه‌یاندبووه‌ لێژنه‌ی كاروبارى شه‌هیدانى په‌رله‌مان.
پاشان گفتوگۆ له‌سه‌ر هێنانه‌وه‌ی ئه‌و ڕووفاتانه‌ی كه‌ له‌ پارێزگاكانی باشوور و ناوه‌رٍاستی عێراق ماون كرا كه‌ ته‌واوی ڕێكاره‌كانی پزیشكی دادى-یان ته‌واو كراوه‌.
له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، هه‌ردوولا كۆكبوون له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگیی زیاتری نێوانیان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی و خزمه‌تكردنی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانییانی سیاسی.