Skip to the content
Menu

پەیامی د. ڕێواز فائق له‌ ڕۆژی نێودەوڵەتیی بەرزڕاگرتنی گیانی قوربانییانی جینۆساید و ڕێگریكردن له‌ تاوانی كۆمەڵكوژی

له‌ ڕۆژی نێوده‌وڵه‌تیی به‌رزڕاگرتنی گیانی قوربانییانی جینۆساید و ڕێگریكردن له‌ تاوانی كۆمه‌ڵكوژی، به‌شكۆوه‌ ڕۆحی پاك و به‌رزه‌فڕی قوربانییانی شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال و كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ و جینۆسایدى ئێزدییه‌كان له‌ شنگال و ده‌وروبه‌رى به‌رز ڕاده‌گرین و سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ گۆڕه‌ بێ ناونیشانه‌كانیان داده‌نه‌وێنین.
دیاریكردنی ٩ی دیسێمبه‌ر، وه‌ك "ڕۆژی نێوده‌وڵه‌تیی به‌رزڕاگرتنی گیانی قوربانییانی جینۆساید و ڕێگریكردن له‌ تاوانی كۆمه‌ڵكوژی"، له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌، وێڕای ئه‌وه‌ی زامی قووڵی ڕۆژگاره‌كانی شاڵاوی ئه‌نفال و زینده‌به‌چاڵكردنی ٨ هه‌زار بارزانى و ١٨٢ هه‌زار مرۆڤی سڤیل و خاپووركردنی ٤٥٠٠ گوند، شه‌هیدكردنی پێنج هه‌زار هاووڵاتیی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ به‌چه‌كی كیمیاوی ده‌خاته‌وه‌ بیری كوردستانیان به‌گشتی، هه‌ڵدانه‌وه‌ی قه‌تماخه‌ی برینێكی تری ساریژنه‌بووی مێژووی هاوچه‌رخ و تاوانی كۆمه‌ڵكوژیی كوردانی ئێزدیشه‌، كه‌ مه‌گه‌ر هاوشێوه‌كه‌ی هه‌ر له‌ تاوانی هۆلۆكۆستدا ئه‌نجام درابێت.
له‌م ڕۆژه‌دا، جارێكی دیكه‌ سكاڵای دایكانی منداڵه‌ بێسه‌روشوێنه‌كان و خێزانی ژنه‌ ڕفێندراوه‌كانی ده‌ستی داعش، ئاراسته‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌گشتی و ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌كه‌ین. داواكارین هه‌وڵه‌كانیان چڕ بكه‌نه‌وه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌سزاگه‌یاندنی تاوانبارانی پرۆسه‌كانی ئه‌نفال و جینۆسایدی كوردانی ئێزدی و ناساندنی ئه‌م كۆمه‌ڵكوژییه‌ وه‌ك تاوانێكی نێوده‌وڵه‌تی، قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانه‌ ده‌روونی و مادییه‌كان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شكۆ و كه‌رامه‌تی مرۆڤایه‌تی بۆ كه‌سوكار و بنه‌ماڵه‌ی قوربانییان.
نه‌مری بۆ ڕۆحی پاكی شه‌هیدان، ڕیسوایی و شه‌رمه‌زاری بۆ تاوانبارانی جینۆسایدی خه‌ڵكی كوردستان.
د. ڕێواز فائق
سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان
٩ى دیسێمبه‌رى ٢٠٢٢