Skip to the content
Menu

په‌رله‌مانى كوردستان یادی جیهانیی جینۆساید و نەهێشتنی تاوانی کۆمەڵکوژی به‌رز ڕاده‌گرێت

سه‌عات ١١ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ٢٠٢٢/١٢/٧، له‌ژێر چاودێریی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، د.هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، منى نبى قه‌هوه‌چى، سكرتێری په‌رله‌مان و ئاماده‌بوونی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی دیوان و بەڕێوه‌بەرانی مۆنۆمێنته‌كانی شەهیدان لە شارەکانی کوردستان، ڕاوێژكاران و فه‌رمانبه‌ران و كارمه‌ندانی په‌رله‌مان، مه‌ڕاسیمێكی شایسته بۆ یاد و به‌رزڕاگرتنی گیانی قوربانییانی جینۆساید و نەهێشتنی تاوانی کۆمەڵکوژی له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
مه‌ڕاسیمه‌كه‌ به‌ ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی قوربانییانی جینۆساید بەگشتی و شەهیدانی جینۆساید و ئەنفال و تێکڕای شەهیدانی کوردستان ده‌ستیپێكرد، پاشان وتارى لێژنه‌ی كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، له‌لایه‌ن سوسن محه‌مه‌د میرخان، سه‌رۆكی لێژنه‌كه‌وه‌ خوێندرایه‌وه‌، تێیدا باسى له‌ هه‌وڵی پاكتاوكردن و سڕینه‌وه‌ى گه‌لى كورد كرد و ڕایگه‌یاند: "لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی گه‌لی كورد ئه‌و ڕاستییه‌ی ده‌رخستووه‌ كه‌ گه‌لی كورد هه‌رده‌م گه‌لێكی ئاشتیخواز بووه‌، به‌رده‌وام بڕوای به‌پێكه‌وه‌ژیانی گه‌لان و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كان هه‌بووه‌، كه‌چی له‌ سه‌ده‌ی ڕابردوودا چه‌ندینجار هه‌وڵی پاكتاوكردن و داگیركردنی دراوه‌"، گووتیشی: "دیارترین و قێزه‌ونترینیان له‌ مێژوودا شاڵاوی ئه‌نفال و كیمیاباران بوو، كه‌ تێیدا ده‌ست له‌ ژن و پیرو منداڵ نه‌پارێزرا و ته‌نانه‌ت ڕووه‌ك و گیانه‌وه‌ر و گونده‌كانیش سه‌لامه‌ت ده‌رنه‌چوون. ئه‌م تاوانانه‌ به‌هه‌موو پێوه‌رێكی ئاینی و یاسایی و لۆژیكی تاوانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تین و ئه‌چنه‌ خانه‌ی جینۆساید و جه‌نگی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی، به‌ڵام مخابن تا ئێستا له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ فه‌رمی دان به‌م تاوانانه‌ نه‌نراوه‌".
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌مه‌ترسییه‌كانی گه‌لی كورد له‌ نه‌بوونی زه‌مانه‌تێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی جینۆسیایدكردنی گه‌له‌كه‌مان كرد و ڕاشیگه‌یاند: "هه‌ردوێنێ بوو به‌ به‌رچاوی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا و سه‌رجه‌م وڵاتانی دراوسێ، دووباره‌ گه‌له‌كه‌مان به‌سه‌رجه‌م پێكهاته‌ و ئاینييه‌كانه‌وه‌ له‌ شنگال تووشی كاره‌ساتێكی دیكه‌ی جینۆساید كرایه‌وه‌ و برینی چه‌ند ساڵه‌ی گه‌له‌كه‌مان نوێكرایه‌وه‌".
گووتیشی: "له‌ كاتێكدا یادی ئه‌و كاره‌ساتانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، هێشتا قوربانییانی تاوانه‌كانی ئه‌نفال قه‌ره‌بووی ماددی و مه‌عنه‌وی نه‌كراونه‌ته‌وه‌ و حكوومه‌تی عێراق مولزه‌م نه‌كراوه‌ به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتووان". داواشی له‌ نوێنه‌رانی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق و حكوومه‌تی هه‌رێم كرد میكانزمی یاسایی و دیپلۆماسی بگرنه‌به‌ر تا حكوومه‌تی عێراق ناچار بكرێ قه‌ره‌بووی ماددی و مه‌عنه‌ویى زیانلێكه‌ووتوان بكاته‌وه‌ و بودجه‌ی تایبه‌ت ته‌رخان بكات بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ خاپووركراون و جینۆسایدیان تێدا ئه‌نجام دراوه‌.
له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌شدا، سه‌رۆكی لێژنه‌ی كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیاییانی سیاسی، داواى له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تى كرد به‌ ئه‌ركی خۆیان هه‌ڵبستن و دان به‌جینۆسایدی گه‌له‌كه‌ماندا بنێن.
به‌داگیرساندنی مۆم بۆ ڕۆحی به‌رزه‌فرٍى قوربانییانی جینۆساید و سه‌رجه‌م شه‌هیدانمی گه‌له‌كه‌مان كۆتایی به‌ مه‌ڕلسیمه‌كه‌ هات.