Skip to the content
Menu

سكرتێری په‌رله‌مان پێشوازیی لە بەرپرسی نووسینگەی ئابووری و بازرگانیی باڵیۆزخانەی بولگاریا لە عێراق کرد

ئەمڕۆ سێشە‌ممه‌ ٢٠٢٢/١٢/٢٠، منی نبی قه‌هوه‌چی، سکرتێری په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی لە ستانیسلاڤ نۆکۆڤ، به‌رپرسی نووسینگەی ئابووری و بازرگانیی باڵیۆزخانەی بولگاریا لە عێراق کرد.
له‌ دیدارێكی نێوانیاندا، كه‌ هیمداد سه‌باح بیلال، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌یبوو، بارودۆخی سیاسی، ئابووری و بازرگانی و گەشتیاری گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ کرا و لێکەوتە و کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانیان لەسەر گەشەکردنی هەردوولا باس کرا.
منی نبی قه‌هوه‌چی، سکرتێری پەرلەمان، باسی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌ ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و پاراستنی ماف و ئازادییه‌كانیانى كرد، لە ڕووی بازرگانییەوەش ئەوەی خستەڕوو کە هەموو لایەک بە یەکسانی مافی بەشداریکردنیان هەیە لە پڕۆژەی بازرگانی و ڕاشیگەیاند: "کەرتی گەشتیاری لە ئێستادا زیاتر بەرەوپێشتر چووە بەهۆی بەرقەراربوونی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان"، گووتیشی: "هاوکارو هاوسۆزی هەموو وڵاتێکین کە بیانەوێت دۆستایەتیمان بکەن و هاوکاربن بۆ بەرەوپێشچوون".
تەوەرێکی دیكه‌ی دیدارەکە تایبەت بوو بە هەنگاوەکانی گەشەکردن و پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری لەنێوان هەردوولادا، کە هۆكارێکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی بواری بازرگانی و وەبەرهێنان و سوودوەرگرتن لە زانیاری و ئەزموونی بازرگانیی وڵاتی بولگاریا کە خاوەنی بەرهەمی ناوخۆیی خۆیانن لە زۆر بواردا.
لاى خۆیه‌وه‌ ستانیسلاڤ نۆکۆڤ، به‌رپرسی نووسینگەی ئابووری و بازرگانیی باڵیۆزخانەی بولگاریا لە عێراق، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆی به‌ سەردانەكه‌ى بۆ په‌رله‌مانی كوردستان و دروستکردنی ئەو جۆرە هەماهەنگی و پەیوەندییە، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سکرتێری پەرلەمانی كوردستان كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ و خستنەڕووی دید و تێڕوانینەكانیان سه‌باره‌ت به‌و پرسانەی لە دیدارەکەدا خرانەڕوو.