Skip to the content
Menu

بەسەرپەرشتیی سەرۆکی پەرلەمان ڕاپۆرتی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای چەک لە هەرێمی کوردستان ئامادە کرا

بەمەبەستی تاووتوێکردن و ئاماده‌كردنی ڕِاپۆرتی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای چەک لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٢/٢٨، د. ڕێواز فائق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، له‌ هۆڵی پڕۆتۆكۆل له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی هەردوو لێژنەی كاروبارى یاسایی و لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێییه‌كانی پەرلەمانی کوردستانى کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەردوو سەرۆکی لێژنەی کاروباری یاسایی د. بژار كۆچه‌ر و سه‌رۆكی لێژنەی ناوخۆ شاخەوان ڕەئوف به‌گ و ئەندامان و ڕاوێژکارانی هەردوو لێژنه‌كه‌ ئامادەیبوون، د. ڕێواز فائق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، جەختی لەسه‌ر گرنگیی پڕۆژەیاسای چەک لە هەرێمی کوردستان و پێویستیی جێكردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌ کردەوە كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌ كاتی خوێندنه‌وه‌ى دووه‌می پڕۆژه‌یاساكه‌ خرابوونه‌ ڕوو به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى.
پاشان سەرجەم ماددە و بڕگە و پێشنیازەکانی ئەندامانی پەرلەمان لەسەر پڕِۆژەیاساکە خرانە ڕوو و لەلایەن ئامادەبووانەوە تاووتوێ كران و گفتوگۆی تێروتەسەلیان لەبارەوە کرا، بۆئەوەی له‌ دانیشتنى كردنه‌وه‌ی خولی به‌هاره‌ى په‌رله‌مان له‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٣/١، بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت و لە نزیکترین کاتدا ببێتە یاسایەک کە لە داهاتوودا دەستپێشخەر بێت بۆ چاکسازی لە یاسای چەک لە هەرێمی کوردستاندا.