Skip to the content
Menu

به‌یاننامه‌ى لێژنه‌ی كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی له‌ ساڵیادی كاره‌ساتی یه‌كی شوبات-دا

هه‌ژده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له‌ ڕۆژێكى وه‌ك ئه‌مڕۆدا، تیرۆریستان دوو كارى تیرۆریستییان له‌ یه‌ك كاتدا له‌ هه‌مبه‌ر گه‌لى كوردستان له‌ باره‌گاكانى لقى دووى پارتى دیموكراتى كوردستان و مه‌ڵبه‌ندى (٣)ى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان ئه‌نجام دا، كه‌ بوونه‌ هۆى شه‌هیدكردنى (٩٨) كه‌س له‌ سه‌ركرده‌ و فه‌رمانده‌ و پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكى سڤیل.
تیرۆریستان به‌م به‌ ئامانجگرتنه‌ى گه‌لى كوردستان ئه‌و ڕاستییه‌یان سه‌لماند كه‌ ئه‌وان دوژمنى كورد و دیموكراسین، دوژمنى مرۆڤایه‌تین، دوژمنى ئازادیخوازان و ئاشتیخوازانن. له‌ هه‌مان كاتیشدا ده‌ریانخست كه‌ هه‌رێمى كوردستان، وه‌ك پاشانیش له‌شه‌ڕى دژ به‌ تیرۆریستانى داعش ده‌ركه‌وت، چقڵى چاوى تیرۆر و بیرى تیرۆریستخوازییه‌ و له‌ سه‌نگه‌رى پێشه‌وه‌ى داكۆكیكردنه‌ له‌ ئازادى و دیموكراسى و مافه‌كانى مرۆڤ له‌ ناوچه‌كه‌دا.
ئیمه‌ وه‌كو لێژنه‌ى كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیانى سیاسی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، به‌ توندى ڕیسواى ئه‌م كاره‌ تیرۆریستییه‌ ده‌كه‌ین و داواكارین به‌ ته‌بایى و یه‌كڕیزى، ته‌واوى خه‌ونى نه‌زۆكى تیرۆریستان و دوژمنانى گه‌له‌كه‌مان له‌بار به‌رین و خوێنى قوربانییانى ده‌ستى تیرۆر بكه‌ینه‌ مایه‌ى بونیادنانى ژیانێكى ئازاد و سه‌ربه‌رز بۆ گه‌له‌كه‌مان.
دروود بۆ ڕۆحى شه‌هیدان و نه‌فره‌ت له‌ تیرۆریستانى تاریكپه‌رست.
له‌گه‌ڵ ڕێزماندا..
لێژنه‌ی كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسى له‌ په‌رله‌مانی كوردستان
١ى شوباتی ٢٠٢٢