Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌ كونسوڵی گشتيی كۆماری ڕوسیای فیدڕاڵ كرد

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٢/٨، د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ ئۆلێگ ڤلادیمیرۆڤیچ لێڤین، كونسوڵی گشتیی كۆماری ڕوسیای فیدڕاڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌ دیدارێكدا باس له‌ دۆخی سیاسی و ئه‌منیی ئەمڕۆی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ و ڕۆڵی ڕوسیا له‌و نێوه‌نده‌دا و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراقی فیدڕال و وڵاتی ڕوسیا کرا و جەخت لەسه‌ر پێویستیی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی ڕوسیا كرایه‌وه‌.
د. هێمن هه‌ورامی، ئاماژه‌ی به‌ په‌یوه‌ندیی له‌ مێژینه‌ی نێوان گه‌لى كورد و ڕوسیا كرد و هیوای خواست په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی ڕوسیا گه‌شه‌سه‌ندنی زیاتر به‌خۆوه‌ ببینێت و سه‌رجه‌م بواره‌كان بگرێته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی ڕوسیا له‌ ڕووی دیپلۆماسی و ئالوگۆڕی زانیاری له‌ چوارچێوه‌ی كاری په‌رله‌مانیدا.
لای خۆیه‌وه‌ ئۆلێگ ڤلادیمیرۆڤیچ لێڤین، كونسوڵی گشتیی كۆماری ڕوسیای فیدڕاڵ، وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر پێویستیی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان، خۆشحاڵیی خۆی به‌و په‌یوه‌ندییه‌ باشه‌ی كه‌ له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی ڕوسیادا هه‌یه‌ ده‌ربڕی و هیوای خواست په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ ڕووی بازرگانی و كارى وه‌به‌رهێناندا‌ گه‌شه‌سه‌ندنی زیاتر به‌خۆیانه‌وه‌ ببینن.