د. هێمن ههورامی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابییان و لاوانى دیموكراتى کوردستان پیرۆز دهكات
بهبۆنهی يادى شهست و نۆیهمین ساڵهی دامهزراندنی یهكێتی قوتابیانی كوردستان و یهكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاستەی ئەو دوو ڕێکخراوە تێکۆشەرە دەکەین و هیوادارین وەک هەمیشە قوتابییان سەری ڕمی پێشکەوتن بن و لاوانیش شوورەی پۆڵایینی پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان بن.
یەکێک لە شانازییەکانی ژیانم ئەوەیە لە تەمەنی مێردمنداڵیم لە تەمموزی ١٩٨٧وە لەناو یەکێتیی قوتابییان و لاوانی ئەو کات ھاتمە نێو کاری ڕێکخراوەیی و تێکۆشانی سیاسی و هەر لەو ڕۆژەشەوە هاوشێوەی قوتابی و لاوانی دیکەی کوردستان، گۆشکرام و پەروەردە کرام بە بیر و هزری نیشتیمانی و کوردایەتی.
پێویستە هەمیشە ڕێکخراوە پیشەییەکان و جەماوەرییەکانی کوردستان سەرەڕای بەرگریکردن و پارێزگاریکردن لە ماف و خواستە پیشەییەکان، لاوان و قوتابییانمان گۆش بکەن و پەروەردە بکەن بۆ خزمەتی زیاتری نیشتمان و بەرگریکردن لە ماف و دەسکەوتە نەتەوەییەکان و بە گیانی پێشمەرگانە و نەتەوەییانە گۆش بکرێن، بۆئەوەی جڵەوی پێشڕەویی میللەت لە داهاتوو لە دەستی ئەوان بێت و هاوشێوەی نەوەکانی ڕابردوو هەوڵ بۆ زیاتر چەسپاندنی خواست و داوا نەتەوەییەکان بدەن. خۆشیان بە زانست و تەکنەلۆژیا سەردەمییەکان ڕابهێنن و پەروەردە بکەن، بۆئەوەی لەگەڵیان ڕابێن و لە خزمەتکردنی وڵات و نیشتمان بەکاری بهێنن.
جارێکی دیکە گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی خۆمان دووپات دەکەینەوە و هیواخوازین لە پێشکەوتن و سەرفرازیی زیاتر بیان بینین.
د. هێمن ههورامی
جێگرى سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان
١٨ی شوباتی ٢٠٢٢