مۆسکۆ.. د. هێمن هەورامی سەردانی ئینستتیوتى دیراساتی ڕۆژهەڵاتناسی ڕووسیاى کرد
لە چوارچێوه‌ی سەردانەکەیدا بۆ وڵاتی ڕووسیا، د. هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کورستان، سەردانی ئینستتیوتى دیراساتی ڕۆژهەڵاتناسی (زانستی ئەکادیمیای ڕِووسیا)ی له مۆسكۆی پایته‌ختى ئه‌و ولاته کرد و لەلایەن د. ئەلکبیر ئەلکبیرۆڤ، به‌ڕێوه‌به‌رى ئینستتیوته‌كه و ژماره‌یه‌ك له گەورە ڕاوێژکاران و توێژەران پێشوازیى لێ‌کرا.
لە دیدارێکدا باس له ڕه‌وشی ئه‌منی و سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه و مەترسییه‌كانی سەرهەڵدانەوەی داعش و پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەرێمی کوردستان و گەل و حکوومەتی ڕِووسیا کرا.
د. هێمن هەورامی، وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر پێویستیی پته‌وكردنی زیاترى ئه‌و په‌یوه‌ندییانه له سه‌رجه‌م بواره‌كاندا، هاوكات په‌یوه‌ندیی نێوان پەرلەمانی کوردستان و ئینستتیوتى دیراساتی ڕۆژهەڵاتناسی ڕووسیاى به پێویست زانی بۆ ئالوگۆڕی زانیاری و توێژینەوه لە چوارچێوەی کاری پەرلەمانیدا.
هه‌روه‌ها پوختەیەکى لەباره‌ى کارەکانی پەرلەمانى كوردستان لە ڕووی ژمارەی کورسی و فراکسیۆنەکان و لێژنە هەمیشەییه‌کان و ده‌ركردنى یاسا و چاودێریكردن، خستە ڕوو و بوونی دەستوورێكی گه‌لپه‌سه‌ندیشی بۆ هه‌رێمی كوردستان به پێویست و گرنگ زانی.
لای خۆیانەوە، به‌ڕێوه‌به‌ر و گەورە ڕاوێژکاران و توێژەرانى ئینستتیوتى دیراساتی ڕِۆژهەڵاتناسی ڕووسیا، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانەکەى جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، چەندین پرسیاریان لەسەر دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان بە گشتی، ئاراستەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کرد و ئه‌ویش وەڵام و ڕوونكردنه‌وه‌ى پێویستی سه‌رجه‌م پرسیار و سه‌رنجه‌كانی دایەوە.
لە کۆتایى دیداره‌كه‌شدا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانى كوردستان، بەشی کوردیی له ئینستتیوتى دیراساتی ڕِۆژهەڵاتناسی ڕووسیا بەسەر کرده‌وە، کە مانگانە و ساڵانە توێژینەوەی خۆیان لەسەر کوردستان پێشکەش دەکەن، د. هێمن هه‌ورامی، وێڕای ده‌ستخۆشیكردن لێیان، كاره‌كانیانی به‌رز هه‌ڵسه‌نگاند و پشتیوانيی پەرلەمانی کوردستانيشى بۆ دووپات کردنەوە.