Skip to the content
Menu

سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ی سیاسی و ستراتیژیی كۆلێژی زانسته‌ سیاسییه‌كانى زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین سیمینارێكى بۆ د. هێمن هه‌ورامی ساز كرد

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٢/١٥، سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ی سیاسی و ستراتیژی له‌ كۆلێژی زانسته‌ سیاسییه‌كانى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دین، له‌ هۆڵی د. خالید سه‌عید، سیمینارێكی له‌ ژێر ناوونیشانی "خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان و پرۆسه‌ی دیموكراسی و ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌م"، بۆ د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ڕێكخست.
له‌ سیمیناره‌كه‌دا، كه‌ د. ئه‌سوه‌د قادر ئه‌حمه‌د، ڕاگرى كۆلێژی زانسته‌ سیاسییه‌كان له‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین و مامۆستایان و قوتابییانى كۆلێژه‌كه‌ ئاماده‌یبوون، د. هێمن هه‌ورامی، پوخته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ كار و ئه‌ركی په‌رله‌مان و ئه‌و پێوه‌رانه‌ی كه‌ په‌رله‌مانی له‌سه‌ر هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت خسته‌ ڕوو و ڕایگه‌یاند: "به‌پێی ئه‌و پێوه‌رانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ئاستی دونیا بۆ كارى په‌رله‌مانى كه‌ دائه‌نرێن، چوار بابه‌تن كه‌ ئه‌كرێ په‌رله‌مانێكی پێ هه‌ڵبسه‌نگێنی، یه‌عنی به‌ میزاج نییه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی په‌رله‌مان، ئه‌بێ كۆمه‌ڵێ پێوه‌رت هه‌بێ له‌ ڕووی زانستییه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى له‌ كار و چالاكی و توانای دامه‌زراوه‌ى په‌رله‌مان له‌ناو وڵاتێكدا گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌كه‌یت، یه‌ك: پرۆسه‌ی یاسادانان له‌ناو ئه‌م په‌رله‌مانانه‌ له‌ ڕووی جۆر و بڕ و ئاستی یاسادانان، واته‌ پرۆسه‌ی یاسادانان چه‌ندێك توانای هه‌یه‌، دوو: پرۆسه‌ی چاودێری و به‌دواداچوونی ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكار، واته‌ كاره‌كانی حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكاره‌، سێ: توانای په‌رله‌مان له‌ تێپه‌ڕاندن و گفتوگۆكردنی بودجه‌".
گووتیشی: "ئێستا خاڵێكی تریش هاتۆته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌كرێ پێوه‌رێك بێت بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی په‌رله‌مانه‌كان، پێی ده‌ڵێن دیپلۆماسییه‌تی په‌رله‌مان، واته‌ ئێمه‌ ئه‌و چوار پێوه‌ره‌مان هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی په‌رله‌مان وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی گرنگی یاسادانان".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ ئه‌گه‌ر بێت و هه‌ڵسه‌نگاندێك له‌سه‌ر ئه‌و چوار پێوه‌ره‌ بۆ هه‌ر پێنج خوله‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت ڕه‌نگه‌ له‌ ڕووی پرۆسه‌ی یاسادانان و چاودێریی حكوومه‌ت و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بودجه‌ و دیپلۆماسییه‌ته‌وه‌ جیاوازییان هه‌بێت و ڕایگه‌یاند: "ڕه‌نگه‌ خولێك له‌ ڕووی پرۆسه‌ی یاسادانانه‌وه‌ چالاكتر بووبێت، له‌ ڕووی چاودێریی حكوومه‌ته‌وه‌ زۆر چالاك نه‌بووبێت، ڕه‌نگه‌ خولێك له‌ ڕووی پرۆسه‌ی ته‌شریع و بودجه‌وه‌ چالاك بووبێت، به‌ڵام له‌ ڕووی چاودێریی حكوومه‌ت وه‌كو پێویست نه‌بووبێت، یان خولێك هه‌رسێ بواره‌كه‌ی باش بووبێت، به‌ڵام له‌ ڕووی دیپلۆماسییه‌تی په‌رله‌مانه‌وه‌ ڕِه‌نگه‌ تواناكانی وه‌كو پێویست نه‌بووبێت، بۆیه‌ ناتوانین بڵیین هه‌موو ئه‌م چوار پێوه‌ره‌ وه‌كو یه‌ك به‌ یه‌ك بڕ و ئاڕاسته‌ له‌سه‌ر هه‌ر چوار خوله‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان هاتۆته‌ ئاراوه‌".
هه‌ر له‌ سیمیناره‌كه‌دا، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئاماژه‌ی به‌ ژماره‌ی ئه‌و یاسایانه‌ كرد كه‌ له‌ خولی یه‌كه‌می په‌رله‌مانه‌وه‌ تا ئێستا ده‌رچوون و ڕایگه‌یاند: "له‌ ساڵی ١٩٩٢ تا ئێستا نزیكه‌ی ٣٩٦ یاسا ده‌رچووه‌، هه‌روه‌ها نزیكه‌ی ١٣٨ بڕیارى ته‌شریعی، واته‌ بڕیاره‌یاسا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچووه‌".
گووتیشی: "ئه‌گه‌ر سه‌یركه‌ن زیاد له‌ ١٩٠ له‌م یاسایانه‌، له‌ خولی یه‌كه‌می په‌رله‌مانى كوردستان ده‌رچوون، بۆ؟، له‌به‌رئه‌وه‌ی خولی یه‌كه‌می په‌رله‌مان سه‌ره‌تای دروستكردنی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ و پێویستمان به‌ ده‌ركردنی یاسا هه‌بووه‌ بۆئه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستانی له‌سه‌ر بنیاد بنرێ، به‌ڵام دواتر له‌ خولی دووه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى سێزده‌ ساڵ به‌سه‌ر خولی یه‌كه‌مدا تێپه‌ڕی كۆمه‌ڵێك له‌م یاسایانه‌ پێویستیی به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ هه‌یه‌، حكوومه‌ت له‌ عێراق گۆڕاوه‌، پرۆسه‌ی دوای ٢٠٠٣، ده‌ستوورى عێراق ده‌رچووه‌، به‌شێك له‌ یاساكان به‌پێی ده‌ستوورى تازه‌ له‌ عێراق ده‌رئه‌چێ، پێویسته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ركار بكرێت، ئه‌م یاسایانه‌ پێویستیان به‌ به‌ركار و هه‌موار هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بینی له‌ خولی دووه‌میش ده‌ركردنی یاسا و پرۆسه‌ی ته‌شریع چالاك بووه‌".
هه‌روه‌ها باسی له‌ كاریگه‌ریی پرۆسه‌ی سیاسی و دیموكراسی له‌سه‌ر كارى په‌رله‌مان به‌پێی تایبه‌تمه‌ندیی هه‌ر خولێك له‌ خوله‌كانی په‌رله‌مان كرد و ڕۆڵی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی له‌ ڕووی چاودێریكردنی حكوومه‌ت و دیپلۆماسییه‌تى كارى په‌رله‌مانى به‌ چالاكترین و باشترین خول وه‌سف كرد و باسی له‌و ڕێِگایانه‌ش كرد كه‌ په‌رله‌مان به‌پێی ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان به‌ ده‌ستیانه‌وه‌یه‌ بۆ چاودێریكردنی حكوومه‌ت وه‌ك ناردنی پرسیار و بانگهێشتكردنی وه‌زیره‌كان و سه‌ردانی لێژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌مانه و دروستكردنی ڕاپۆرت و به‌دواداچوونه‌.
د. هێمن هه‌ورامی، باسی له‌ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ خولی شه‌شه‌مى په‌رله‌مان و ئه‌و ڕێكاره‌ یاساییانه‌ بۆ ئه‌نجامدانى پرۆسه‌كه‌ و هه‌وڵه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ و ئالنگارییه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌ كرد و جه‌ختیشی له‌سه‌ر پێویستیی پابه‌ندبوون به‌و كاتبه‌ندییه‌ ده‌ستوورییانه كرده‌وه‌ ‌بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كاتی خۆیدا.
پاشان له‌لایه‌ن قوتابییانى كۆلێژه‌كه‌وه‌، چه‌ندین پرسیار سه‌باره‌ت به‌ دۆخی سیاسی و كاره‌كانی په‌رله‌مان و چۆنیه‌تیی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ و پێشنیازه‌یاسا و ڕێكاره‌كانى ده‌رچووانی یاساكان و به‌ڕێوه‌چوونی دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان، ئاڕاسته‌ی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرا و ئه‌ویش وه‌ڵامی پێویستی سه‌رجه‌م پرسیاره‌كانی دایه‌وه‌.
له‌ كۆتایی سیمیناره‌كه‌شدا، د. ئه‌سوه‌د قادر ئه‌حمه‌د، ڕاگرى كۆلێژی زانسته‌ سیاسییه‌كان له‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاسته‌ی د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد، بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنى و به‌شداریكردنی له‌ سیمیناره‌كه‌ و پێشكه‌شكردنی ژماره‌یه‌كی زۆرى كتێبى پڕ له‌ زانست و زانیاریی به‌سوود كه‌ به‌زمانی ئینگلیزی بوون، به‌ كتێبخانه‌ی كۆلێژه‌كه‌یان.