Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایان و قوتابییانی قۆناغی دوومی هه‌ردوو به‌شی سیاسه‌تی گشتی و سیسته‌می سیاسی له‌ زانكۆی دهۆك كرد

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٢/٩، د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ هۆڵی په‌ناگیری له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایان و قوتابیانی قوناغی دوومی هه‌ردوو به‌شی سیاسه‌تی گشتی و سیسته‌می سیاسیی كۆلێژی زانسته‌ سیاسییه‌كان له‌ زانكۆی دهۆك كرد.
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا. د. هێمن هه‌ورامی، پوخته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ کاره‌كانی پەرلەمان و شێوازی ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كان و پرۆسەی یاسادانان و چاودێری و په‌یوه‌ندییه‌كانی په‌رله‌مان له‌ ڕووی دیپلۆماسی و كارى په‌رله‌مانى و دۆخی سیاسیی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان خسته‌ ڕوو، هاوكات باسی له‌ پرۆسه‌ی خوێندن كرد و پشتگیری و پشتیوانیی په‌رله‌مانی كوردستانیشى بۆ زیاتر به‌ره‌وپێشچوونی پرۆسه‌ی خوێندن له‌ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و هانی قوتابیانیشیدا گرنگیی ته‌واو به‌ خوێندن و زانست بده‌ن، بۆئه‌وه‌ی داهاتوویه‌كی باش بۆ خۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن و خزمه‌تی گه‌ل و نیشتیمانه‌كه‌یان بكه‌ن.
هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی به‌ كار و چالاكییه‌كانی ئه‌و خوله‌ى په‌رله‌مان و ئه‌و یاسایانه‌ى كرد كه‌ ده‌رچوویندراون و ڕایگه‌یاند: "له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا كۆمه‌ڵێك یاسا ده‌رچووێندراوه‌ و زۆرترین به‌دواداچوونیش بۆ كاره‌كانی حكوومه‌ت كراوه‌، هه‌روه‌ها زۆرترین شاندی باڵای حكوومه‌ت و وه‌زیره‌كان له‌ دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان و لێژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان ئاماده‌بوون".
له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا له‌لایه‌ن قوتابییانى هه‌ردوو به‌شه‌كه‌وه‌، چه‌ندین پرسیار سه‌باره‌ت به‌ په‌رله‌مان و چۆنیه‌تیی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ و پێشنیازه‌یاسا و ڕێكاره‌كانى ده‌رچووانی یاساكان و به‌ڕێوه‌چوونی دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان، ئاڕاسته‌ی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرا و ئه‌ویش وه‌ڵامی پێویستی سه‌رجه‌م پرسیاره‌كانی دایه‌وه‌.