Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی سه‌ردانی باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی كرێكاران و ڕه‌نجده‌رانی كوردستان ده‌كات

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ٢٠٢٢/٢/١، د.هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌رده‌لان محه‌مه‌د سه‌رسپی، سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مان و هیوا نه‌سره‌دین، جێگرى سه‌رۆكی دیوانى په‌رله‌مان یاوه‌رییان ده‌كرد، سه‌ردانی باره‌گای مه‌كته‌بى سیاسیی پارتى كرێكاران و ڕه‌نجده‌رانی كوردستانی كرد و له‌لایه‌ن باپیر کامەلا، سکرتێری گشتی و ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسی و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارته‌كه‌وه پێشوازیی لێكرا.

له دیدارێكدا د.هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ناوی خۆی و په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ سكرتێر و ئه‌ندامانى مه‌كته‌بی سیاسى و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و دۆست و لایه‌نگرانی پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی كوردستان كرد به‌بۆنه‌ی یادی ٢٧ ساڵه‌ی دامه‌زرانی پارته‌كه‌یانه‌وه و هیوای خواست بتوانن ڕۆڵى خۆیان له پرۆسه‌ی دیموكراسى و سیاسیى هه‌رێمی كوردستاندا بگێڕن.

هه‌ر له دیداره‌كه‌دا باس له ڕۆڵ و ئه‌ركی په‌رله‌مان و پشتیوانیی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان و فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان له‌سه‌رخستنی كاره‌كانی په‌رله‌مان كرا و د. هێمن هه‌ورامی، ڕۆڵی باپیر كامه‌لاى وه‌ك سه‌رۆكی فراكسیۆنی سه‌رده‌م له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌رز نرخاند له‌ كارى په‌رله‌مانی و كارى پێكه‌وه‌يى.

لای خۆیه‌وه باپیر كامه‌لا، سكرتێری گشتیی پارتی كرێكاران و ڕه‌نجده‌رانی كوردستان، وێڕای ده‌ربڕینی سوپاسگوزاری و خۆشحاڵیی خۆى به‌و سه‌ردانه‌ی شاندی باڵای په‌رله‌مان، جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی كارى پێكه‌وه‌یى و یه‌كڕیزی و ته‌بایی نێوان حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان كرده‌وه له‌پێناو پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان و سه‌رخستنی پرۆسه‌ی سیاسی و دیموكراسی له هه‌رێمی كوردستاندا.