Skip to the content
Menu

سەرۆکی پەرلەمان له‌ سلێمانی بەشداریی لە مه‌ڕاسیمی بڵاوكردنه‌وه‌ى توێژینه‌وه‌ى تووندوتیژی و كوشتن به‌ بیانووى شه‌ڕه‌ف له‌ هه‌رێمی كوردستان کرد

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٢/٢/٨، د. ڕێواز فائق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، له‌ شارى سلێمانی بەشداریی لە مه‌ڕاسیمی "بڵاوكردنه‌وه‌ى توێژینه‌وه‌ى تووندوتیژی و كوشتن به‌ بیانووى شه‌ڕه‌ف له‌ هه‌رێمی كوردستان" کرد، که‌ له‌لایه‌ن ڕێكخراوی گه‌شه‌پێدانى مه‌ده‌نییه‌ت (CDO) ڕێكخرابوو.
له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا كه‌ پارێزگاری سلێمانی، بەرپرسانی حكومی و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆییه‌كانی بواری مافه‌كانی مرۆڤ ئاماده‌یبوون، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وتارێكی پێشكه‌ش كرد و تێیدا تیشكی خسته‌ سه‌ر چه‌ندین لایه‌ن و دیارده‌ی دزێوی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌باره‌ی تاوانه‌كانی ژن كوشتن به‌ پاساوی شه‌ڕه‌ف و ڕایگه‌یاند: "هه‌ریه‌ك له‌ زاراوه‌كانی كوشتن، ژن، شه‌ڕه‌ف، پاساو، له‌ ناواخندا هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك مشتومڕن و كۆكردنه‌وه‌یان له‌ یه‌ك ڕسته‌دا (كوشتنی ژن به‌ پاساوی شه‌ڕه‌ف)، تەنھا ئەو ژنە ھەست بە لێكەوتەكەی دەكات كە لە ساتی نێوان گوللەبارانكردن و گیاندەرچوونی دەگاتە یەقین كە ئەو كەسەی كوشتوویەتی نزیكترین كەسی خۆیەتی لە باوك یان برا، ھاوسەر یان كەسێكی زۆر نزیكیەتی"، گووتیشی: "ئێستا له‌ دووریی هه‌زاران كیلۆمه‌تر، له‌ودیو سنوورەكانەوە، مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌ نه‌ریتخواز و ژنكوژ وێنا كراوه‌"، نه‌شی شارده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌كانی ده‌ورووبه‌ردا ئازایانه‌تر ده‌ستی خستۆته‌ سه‌ر برینه‌كان و قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كات، هاوكات به‌ نموونه‌یه‌كی زیندوو و پیرۆز باسی هه‌ڵپه‌ساردنی مادده‌ی ٤٠٩ی یاسای ژماره‌ ١١١، یاسای سزادانی عێڕاقیی ساڵی ١٩٦٩ كرد، له‌لایه‌ن ڕِه‌وانشاد سه‌رۆك مام جه‌لال، گووتیشی: "سه‌رۆك مام جه‌لال سه‌رباری په‌یوه‌ندییه‌ به‌هێز و فراوانه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك خێڵ و هۆزه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌ كۆمەڵایەتییەكان، به‌ڵام له‌ پرسی داكۆكیكردن له‌ ژن هیچ كه‌سێكی نه‌ده‌خوێنده‌وه‌".
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، باسی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی به‌رامبه‌ر خێزانن كرد، هاوكات باسی چه‌ندین ڕِەهه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ریتی كۆنه‌پارێزی دواكه‌وتووانه‌ی كۆمه‌ڵی كوردیی كرد، كه‌ بوونه‌ته‌ مایه‌ی درێژه‌دان به‌ كلتووری ژن كوشتن به‌ پاساوی شه‌ڕه‌ف.
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه‌ ئه‌ركی هه‌موو لایه‌كمانه‌ هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ و نه‌هێشتی ئه‌و حاڵه‌ته‌ بده‌ین و ڕایگه‌یاند: "ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و به‌شه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌، زیاتر له‌ جارێك نووسراوی فه‌رمیمان بۆ ڕێكخراوه‌كانی ژنان، ئه‌نجوومه‌نی باڵای خانمان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی توندوتیژی دژ به‌ خێزان كردووه‌ و گووتوومانه‌ تاوه‌كو ئێمه‌ له‌وێیین چیتان هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی بیگۆڕین له‌ یاساكان، ئه‌تانه‌وێ چ یاسایه‌ك ده‌ربچێت بۆمانى بنێرن، بەڵام تا ئێستا هیچمان بۆ نه‌هاتووه‌، سەبارەت بە كوشتنی ژن بە پاساوی شەڕەف، ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیش، وه‌كو پێشنیازەیاسا سەبارەت بەم بابەتە هیچیان پێشكه‌ش نه‌كردووه‌"
ده‌رباره‌ی سه‌ربه‌خۆیی دادگاكان و ڕۆڵی دادوه‌ر و لێكۆڵه‌ره‌ به‌ڕێزه‌كان و ته‌نانه‌ت بنكه‌كاتی پۆلیسیش، سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای لێكردن كه‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر ژنان به‌ جدی وه‌ربگرن، بۆ ساتێك خۆیان داماڵن له‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی جیاواز كه‌ هه‌یانه‌ سه‌باره‌ت به‌و كه‌یسانه‌ی كە دێتە پێشییان و وه‌كو ئه‌رك بیبینن.
له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌شیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ڕه‌خنه‌گرتن له‌ جیاوازیی بیروبۆچوون و ئه‌و وتارانه‌ی كه‌ له‌ بۆنه‌كاندا پێشكه‌ش ده‌كرێن بۆ گوزارشتكردن له‌ دۆزی ڕه‌وای ژنان دوا و هیوای خواست كه‌ قسه‌ و وتاری نێو بۆنه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ڕِِاسته‌قینه‌ و كرداره‌كی به‌رجه‌سته‌ و پیاده‌ بكرێن، هه‌روه‌ها گرنگی و بایه‌خی مه‌ڕاسیمه‌كه‌شی بۆ پشتیوانیی و داكۆكیكردن له‌ دۆزی ڕه‌وای ژنان به‌رز نرخاند، داواشی له‌ ڕێكخه‌ران و توێژه‌رانی مه‌ڕاسیمه‌كه‌ كرد كه‌وا ڕاسپارده‌ و توێژینه‌وه‌كانیان له‌ شێوه‌ی داواكاری بنێرن بۆ په‌رله‌مان، بۆ دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، به‌مه‌به‌ستی سوود لێوه‌رگرتنیان بۆ ده‌ركردنی یاسای نوێ، هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ پێویستییان به‌ گۆڕانكاری وهه‌مواركردنه‌وه‌ هه‌یه‌.