سەرۆكی پەرلەمان پێشوازیی لە كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە ھەرێمی كوردستان كرد
ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٠٢٢/٢/٦، د. ڕێواز فائق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پێشوازیی لە ئۆلیڤێی دێکۆتینی، كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە ھەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارێكی نێوانیاندا باسی دوایین پێشھاتە سیاسییەكانی عێراق و كوردستان و پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق و ئاڵنگارییەكانی بەردەم پرۆسەكە كرا، ھاوكات باسی ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی پەرلەمانی كوردستان و یاسای ھەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكان و ئاستەنگەكان و جیاوازیی دید و تێڕوانینی لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرۆسەكە كرا.
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند: "ئەنجامدانی ھەڵبژاردن پڕۆسەیەكی تەواو دیموكراسییە، ھەر ھەنگاوێك بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بنرێت، پێویستیی بە كۆدەنگیی حزب و لایەنە سیاسییەكانە، ھیواخوازین پرۆسەكە بەشێوەیەكی ڕێكوپێك بەڕێوە بچێت و ھیچ لایەنێك تێیدا ھەست بە پەراوێزخستن نەكات و ھەمووان بە گوێرەی سەنگ و قەبارەی جەماوەریی خۆیان گوێیان لێبگیرێت، دواجار ببێتە مایەی تووندوتۆڵی و یەكڕیزیی نێوان سەرجەم حزب و نەتەوە و ئاینە جیاوازەكان و گوزارشت لە ھەمووان بكات".
سەبارەت بە پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێڕاقیش گوتی: "ئەمەی كە ئێستا لە ئارادایە لە ئاڵۆزی و بە یەك نەگەیشتنی لایەنە سیاسییە جیاوازەكان، پێشبینیكراو بوو، پێشووتریش بەر لە ھەڵبژاردنەكان بۆچوونی خۆمان لەم بارەیەوە خستۆتە ڕوو، ئومێد دەكەین بە لێكتێگەیشتن و گفتوگۆی بنیادنەرانە ھەمووان بگەنە ڕێككەوتن و سازان".
لای خۆیانەوە ئۆلیڤێی دێکۆتینی، كونسوڵی گشتیی فەرەنسا له ههرێمی كوردستان، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی د. ڕێواز فائق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كرد بۆ پێشوازی لێكردنیان و خستنەڕووی سەرنج و تێڕوانینە گرنگ و پڕ بایەخەكانیان.