سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له شاندێكی هاوپه‌یمانیی ژنانی كوردستان كرد
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه ٢٠٢٢/٢/٧، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له شاندێكی هاوپه‌یمانیی ژنانی كوردستان كرد.
له دیدارێكدا گفتوگۆی ورد له‌باره‌ی دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانیی ژنانی كوردستان له زۆربه‌ی بوار و سێكته‌ره‌كانی ژیانی ڕۆژانه و ئاسته‌نگه هه‌مه‌لایه‌نه‌كانی به‌رده‌م ڕِاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانیان كرا، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند: "ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دۆخی سه‌خت و دژواری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌لایه‌ن ژنانه‌وه بوێری و سه‌ركێشیی زۆری پێویسته بۆ تێكشكاندنی به‌ربه‌سته كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاڵنگارییه‌كان، هیواخوازم هاوپه‌یمانیی ژنانی كوردستان ڕۆڵێكی كارا و كاریگه‌ر ببینن له ئه‌زموونی كاری ڕێكخراوه‌ییان، به تایبه‌ت له ئاڕاسته‌كردن و ڕێنوێنیكردنی ژن بۆ به‌ده‌ستهێنانی ماف و داخوازییه‌كانیان و پێشه‌نگی بنوێنن له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بێدادی و به‌ده‌ستهێنانی یه‌كسانیدا".
پاشان ئه‌ندامانی شانده‌كه چه‌ندین پێشنیاز و ڕاسپارده‌یان سەبارەت بە ھەندێك لە یاسا بەركارەكانی پەرلەمانی كوردستان پێشكەش بە سەرۆكی پەرلەمان كرد و سه‌رۆكى په‌رله‌مانیش به‌ڵێنی پێدان كه‌وا سه‌رنج و پێشنیازه‌كانیان بگه‌یه‌نێته لێژنه په‌یوه‌ندیداره‌كانی په‌رله‌مان و له سنووری ده‌ستڕۆییه یاساییه‌كانی خۆیاندا پشتیوان و هاوكاریان بێت له سه‌ركه‌وتنی پڕۆژه و كاره‌كانیاندا.