Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایان و خوێندكارانی قۆناغی چواره‌می به‌شی كۆمه‌ڵناسیی كۆلێژی زانستیی مرۆیی كارگێڕی له‌ زانكۆی دهۆك كرد

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٢/٧، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایان و خوێندكارانی قۆناغی چواره‌می به‌شی كۆمه‌ڵناسيی كۆڵێژى زانستى مرۆیى كارگێڕی، له‌ زانكۆی دهۆك كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا به‌ ئاماده‌بوونی هه‌ریه‌ك له‌ پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر د. محه‌مه‌د سه‌عید حوسێن، مامۆستا سامان عومه‌ر ئه‌حمه‌د، سه‌رپه‌رشتیارانی گه‌شته‌ زانستییه‌كه‌ بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، گووتارێكی تێروته‌سه‌لی له‌باره‌ی ئیش و كاره‌كانی په‌رله‌مان و شێوازی ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركی په‌رله‌مانتاری و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هاووڵاتی و په‌رله‌مانتار و ئه‌ركی سه‌رۆكی په‌رله‌مانى له‌ ڕاگرتنی هاوسه‌نگیی نێوان فراكسیۆنه‌كان و چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌چوونی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانى خسته‌ ڕوو.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیشیدا باسی بایه‌خ و گرنگیی هۆشیاریی یاسایی له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه‌ بۆ ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ كرد، هاوكات هاتنی خوێندكارانی به‌شی كۆمه‌ڵناسیی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان به‌رز نرخاند و به‌ گرنگییه‌وه‌ باسی ڕۆڵی ده‌رچووانی به‌شی كۆمه‌ڵناسیی له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆشنبیریی یاسایی و ئاڕاسته‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌دا كرد، هیواشی بۆ خواستن كه‌ له‌ ئاینده‌دا ڕۆڵێكی كاریگه‌ر ببینن له‌ هۆشیار كردنه‌وه‌ و ئاڕاسته‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كاندا، پاشان وه‌ڵامی پرسیاری ژماره‌یه‌ك له‌ خوێندكاره‌كانی سه‌باره‌ت به‌ په‌رله‌مان و به‌ڕێوه‌چوونی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان دایه‌وه‌.