لێژنە تایبه‌تمه‌نده‌کانی پەرلەمان دیدوبۆچوونی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌سه‌ر پرۆژەیاسای کار وه‌رده‌گرن
بەمەبەستی گفتوگۆکردن له‌سه‌ر ڕه‌شتووسی پڕِۆژەیاسای کار و وه‌رگرتنی دیدوبۆچوونی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌باره‌یه‌وه به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى پڕۆژه‌یاساكه، پێشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ سێشەممه ٢٠٢٢/٢/٢٢، لێژنەکانی (کاروباری یاسایی، دارایی و کاروباری ئابووری، كار و کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ، داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەت)، له هۆڵی په‌ناگیرى له ته‌لارى په‌رله‌مان، کۆبوونەوەیه‌كی هاوبه‌ش و فراوانیان لەگەڵ شاندێک كه پێكهاتبوو له نوێنه‌رانی هه‌ریه‌ك له ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزارەتی داد، بانکی نێودەوڵەتی و چالاکوانانی مەدەنی ئەنجام دا.
له کۆبوونەوە هاوبەشەکەدا، گفتوگۆیەکی یاسایی و بەراوردكاری بە پشتبەستن بە ڕِاپۆرتی شاندی میوان سەبارەت بە مافەکانی ئافرەت لە یاسای کاری وڵاتانی دیکەدا کرا، هه‌روه‌ك دۆزی ئافرەتان لە پڕۆژەیاساكه و بابەتی دابینكردنی یەکسانیی ڕەگەزی و مافەکانیان و مۆڵەتی باوان و گێچەڵی سێکسی تاووتوێ كران، بۆ زیاتر گەشەپێدان و بەشداری و بەرەوپێشچوونی ژنان لە بازاڕی کاری هەرێمی کوردستاندا.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، هەموو لایەنەکان دیدو بۆچوون و سەرنج و تێبینیی خۆیان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساكه خستە ڕوو و لێژنەکانی پەرلەمانی کوردستانیش پێشنیاز و سەرنجەکانیان بەهەند وەرگرت بۆئه‌وه‌ى له كاتی گفتوگۆكانی تایبه‌ت به پڕۆژه‌یاساكه كارى جدیی لەسەر بكه‌ن.