Skip to the content
Menu

کۆبوونەوەی هاوبەشی هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان بەرێوەچوو

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ۲۰۲۲/۲/۲۸، د. ڕێواز فائق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بە ئامادەبوونی د. هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و منی نبی قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمان، کە ئەردەلان محەمەد سەرسپی، سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان یاوەری بوو، بەشداریی لە کۆبوونەوەی ھەر چوار سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان کرد، کە بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. 

له‌ كۆبوونه‌وەكه‌دا بڕيارى دادگاى فيدرالیی عێراق له‌ ڕێکەوتی ٢٠٢٢/٢/١٥ ده‌رباره‌ى ياساى نه‌وت و گازى هه‌رێمى كوردستان تاووتوێ كرا‌. 

له‌مباره‌يه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ جەخت دەکاتەوە كه‌ بڕیارەکه‌ى دادگاى باڵاى فيدرالى قبووڵكراو نييه‌ و ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پياده‌كردنى مافە دەستوورییەکانی و به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك ده‌ست له‌ ماف و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌ڵناگرێت و هه‌موو ڕێگه‌يه‌كى ياسايى و ده‌ستوورى ده‌گرێته‌ به‌ر بۆئه‌وه‌ى ماف و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بپارێزێت، لەبەر ئەم ھۆکارانەی خوارەوە‌:

١- بڕيارى دادگاى باڵاى فيدرالى پێچه‌وانه‌ى ده‌ق و گيان و بنه‌ما ڕاسته‌قينه‌كانى سيستەمى فيدرالييه‌ و پێشێلكردنێكى زه‌ق و ئاشكراى ماف و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌.

٢- برياره‌كه‌ى دادگا به ‌شێوه‌يه‌كى ناڕاسته‌وخۆ هه‌مواركردنێكى ناده‌ستووريى ده‌ستووره‌، چونكه‌ بووه‌ته‌ هۆى لێسه‌ندنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتێكى ده‌ستووريى هه‌رێمه‌كان و به‌خشينى به‌ ده‌سه‌ڵاتى فيدرالى كه‌ ئه‌مه‌ش ناته‌بايه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى دادگاى فيدرالى و پاشگه‌زبوونه‌وه‌يه‌ له‌ سيستەمى فيدرالى.

٣- دادگا له‌ بڕياره‌كه‌يدا پشتى به‌ ياساكانى ساڵانى ١٩٧٦ و ١٩٨٥ى عيراق به‌ستووه‌ كه‌ ياساى ناوه‌ندين و له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانى ده‌ستوورى ساڵى ٢٠٠٥ى عێراقى تازه‌دا‌ ناكۆكه‌ كه‌ سيستمى حوكمى له‌ عيراق له‌ ناوه‌ندييه‌وه‌ بۆ سيستەمێكى فيدرالى گۆڕيوه‌ و به‌ ڕوونى ده‌سه‌ڵاته‌كانى هه‌رێم و پارێزگا‌كان و دەسەڵاتی فيدراڵى دابەش کردووە.

٤- هه‌رێمى كوردستان پێى وايه‌ ئه‌م بڕياره‌ جگه‌ له‌وه‌ى بنكۆڵكردنى ده‌ستوور و سيستمى فيدرالييه، له‌ هه‌مان كاتدا پێشى وايه‌ مه‌رامى تايبه‌تى له‌ پشته‌ و بێلايه‌ن نييه‌، به‌تايبه‌تيش كه‌‌ عيراق به‌ دۆخێكى زۆر هه‌ستيار و ئاڵۆزى سياسيدا تێده‌په‌ڕێت و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان خه‌ريكى گفتوگۆن بۆ لێكگه‌يشتن و دۆزينه‌وه‌ى ڕێگه‌چاره‌يه‌ك بۆ ده‌رچوون له‌ چه‌قبه‌ستوويى و بنبه‌ستى سياسى، ئه‌م بڕياره‌ دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات.

٥- دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان پاڵپشت به‌ ياساى نه‌وت و گازى هه‌رێمى كوردستان و ده‌قى مادده‌ى (١١٢)ى ده‌ستوورى عيراق ئه‌نجام دراون، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا دەسەڵاتە فیدرالیيەکان دواى تێپه‌ڕبوونى (١٧) ساڵ نه‌یانتوانی ئه‌ركى ياسايیى خۆيان جێبه‌جێ بکەن به‌ دانانى ياسايه‌ك بۆ نه‌وت گاز له‌ عيراق، وێڕاى ده‌ستپێشخه‌رييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ ساڵى ٢٠٠٧ و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى حكوومه‌تى ئه‌وكاتى فيدرال له‌و ڕه‌شنووسه‌ هاوبه‌شه‌ى ياساى نه‌وت و گاز كه‌ ڕێككه‌وتنى له‌سه‌ر كرابوو.

٦- بە گرنگی دەزانین دادگای باڵاى فيدرالى به‌ ياسايه‌كى نوێ و بەپێی حوكمه‌كانى ماددەی (٩٢)ى دەستوور پێک بێت و ئەرکه‌كانى بەپێی دەستوور جێبەجێ بکات، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورييانه‌ش به‌پێى ده‌ستوور ياسايان بۆ ده‌ربچێت و پێكبێن كه‌ زامنى به‌رجه‌سته‌كردنى سيستمى فيدرالين. له‌‌م پێناوه‌دا سەرۆکایەتيی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسيیەکانی ناوخۆی ھەرێمى كوردستان و عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت بۆ گرتنەبەری ھەر ڕێکارێک بۆ پارێزگاریکردن لە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمى كوردستان. ھەروەھا په‌رله‌مانى كوردستان ڕێكارى یاسایی و دستووريی پێويست ده‌گرێته‌ به‌ر و ئەنجومەنی دادوەريی ھەرێمی کوردستان لە پێگە دەستوورییەکەی خۆیەوە بەردەوام دەبێت لەگەڵ ناوەندە دادوەرییەکانی عێراقدا بۆ داکۆکیکردن لەسەر دەستووریبوونی مافەکانی ھەرێمی کوردستان. حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانيش وه‌ك هه‌ميشه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور ئاماده‌ى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانه‌ و بەردەوام دەبێت له‌ گفتوگۆى بنياتنه‌رانه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدرالى، دۆستانى عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تيش پشتگيرى له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور ده‌كه‌ن.