Skip to the content
Menu

سكرتێری په‌رله‌مان به‌شداریى له‌ یادی ڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌رىى پێكهاته‌ی توركمان كرد

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنچشەممە، ٢٠٢٢/٢/٢٤، منی نبی قه‌هوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، بەشداریی لە یادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی پێکهاتەی تورکمان کرد.
لە مەڕاسیمى یادكردنه‌وه‌که‌دا کە هەریەک لە ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، هاکان کاراچای، کونسوڵی گشتیی تورکیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان و سەرۆکى حزب و لایەنە سیاسییەکانی تورکمانی و ڕِۆژنامەنووسان و شاعیران و ئەدیبانی پێکهاتەی تورکمان ئامادەیبوون، سکرتێری پەرلەمانى كوردستان وته‌یه‌كی پێشکەش کرد و تێیدا پیرۆزبایی له‌ ڕۆژنامه‌نووسانى پێكهاته‌ی توركمان كرد و ڕاشیگەیاند: "کە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی تورکمانی لە چوارچێوەی بڕیاری ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢٠ی پەرلەمانی کوردستان پەسەند کراوە، ئه‌و بڕیاره‌ بۆ پێکهاتەی تورکمان گرنگی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ (١١١) ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، کە ئەویش دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی تورکمانی-یه‌ بەناوی (الحوادث) لە شاری کەرکوک".
سکرتێری پەرلەمان جەختی لەو پێکەوەژیانە کردەوە کە لەنێوان سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکاندا هەیە و ڕایگەیاند: "پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، لەوپەڕی ئاستبەرزی دایە و بە یاسا مافەکانمان پارێزراوە".
لە درێژەی وتەکەیدا سکرتێری پەرلەمان نیگەرانیی خۆی نیشاندا لە هەوڵی ئەو لایەنانەی کە دەخوازن کورسیی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان کەم بکەنەوە و ڕاشیگەیاند: "لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٩، مافی دەنگدان و بەشداری و ڕێژەی کورسیی کۆتای پێکهاتەکان دەقنووس کراوە و مەبەستی سەرەکی لەم دەقە یاساییە ئەوەیە کە ماف و داخوازییەکانی پێکهاتەکان بپارێزرێت، بۆیە هەر هەوڵێک بە ئاراستەی دەستکاریکردن بۆ ڕێژەی کورسیی کۆتای پێکهاتەکان پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان دەخاتە مەترسییەوه‌ و لەلایەن پێکهاتەکانیشەوە ڕەت دەکرێتەوە".
لە کۆتایی وتەکەشیدا سکرتێری پەرلەمان، پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرجەم نووسەر و ڕۆژنامەنووسان و ئەدیبان و ڕۆشنبیرانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و پێکهاتەی تورکمان بە تایبەتی کرد و هیوای خواست ئەم بۆنەیە ببێتە مایه‌ى زیاتر بەرەو پێشچوونی ڕەوشی ڕۆژنامەگەری و میدیا بە گشتی لە هەرێمەکەمان و پتەوبوونی هەماهەنگی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییه‌كان لە هەرێمی کوردستاندا و هاندەرێکی بەهێزیش بێت بۆ سەرجەم نووسەران و ئەدیبان و ڕِۆژنامەوانانی پێکهاتەی تورکمان بۆ پاراستنی مێژوو و شوناس و ئەدەبیاتی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ و پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی ڕەوشی ڕۆژنامەگەریی تورکمانی.