سکرتێری پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی یۆنامی کرد
ئەمڕۆ پێنج شەممه ٢٠٢٢/٢/١٠، منی نبی قههوچی، سکرتێری پهرلهمانی كوردستان، پێشوازیی کوانگ کو چۆی، راوێژکاری سیاسی و بەرپرسی دۆسیەی پێکھاتەکان لە ئۆفیسی یۆنامی بەغداد و شاندی یاوەری کرد.
له دیدارێكدا باس لە دۆخی سیاسی و ئەمنی و دواین پەرەسەندنە سیاسییهكانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی کرا، سکرتێری پەرلەمان بەوردی رەوش و مافی پێکهاتەکانی لە هەرێمی کوردستان خستەروو و ڕایگەیاند؛ "کە پێکهاتەکان بەیاسا مافەکانیان دەستەبەرکراوە و بەشدارییەکی کارایان لە پەرلەمان و حکومڕانی هەرێمی کوردستاندا هەیە، لە ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان کورسی کۆتا بۆ سەرجەم پێکهاتە نەتەوەییە جیاوازەکان دابینکراوە و خۆیان نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی خۆیان دەکەن"، هەروەها سکرتێری پەرلەمان ئاماژەی بەرەوشی ئەمنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کرد و ڕایگەیاند؛ "پێویستە هەرچی زووترە دۆخی ئەم سنورانە ئاسایی بکرێنەوە و ئارامی و ئاسایش بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە بگەرێندرێتەوە".
لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا تیشکخرایە سەر یاسای ھەڵبژاردن و هەمواری یاسای كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكان و ئاستەنگەكان و جیاوازی بۆچوون و تێڕوانینی لایەنە سیاسییەكان لەسەر کۆی پرۆسەكە، سکرتێری پەرلەمان، ڕایگەیاند؛ " پێکهاتەکان دەبێت مافەکانیان لەم سێ پرسەدا پارێزراو بێت و نابێت هەست بکەن پەراوێز خراون، كۆدەنگیی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم پرسانە گرنگە و پێویستە سازان و رێکەوتن هەبێت، بەتایبەت پێکهاتەکان دەبێت مافیان پارێزراو بێت و پێویستە نوێنەریان لە کۆمسیۆن و لێژنەی ئامادەکردنی دەستوور هەبێت، و ڕێژەی کورسیی کۆتای پێکهاتەکانیش پارێزگاریی لێبکرێت، کە ئەمە دواجار دەبێته مایەی بەهێزبوونی كولتوورى پێکەوەژیان و تووندوتۆڵی و یەكڕیزیی نێوان سەرجەم حزب و نەتەوە و ئاینە جیاوازەكان له ههرێمی كوردستاندا".
لای خۆیهوه کوانگ کو چۆی، راوێژکاری سیاسی و بەرپرسی دۆسیەی پێکھاتەکان لە ئۆفیسی یۆنامی بەغداد، وێڕای جهختكردنهوه لە پاراستن و دەستەبەرکردنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، باسی لەو پێکەوەژیانە ئاشتیانەیەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان کرد، و خۆشحاڵی خۆی بۆ بەهێزی کولتووری پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.
لە کۆتاییدا شاندی میوان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاڕاستەی سکرتێری پەرلەمانی كوردستان كرد، بۆ ئهو پێشوازییه گهرمه و خستنەڕووی دید و تێڕوانینەكانى سهبارهت بهو پرسانەی لە دیدارەکەدا خرانەڕوو.