Skip to the content
Menu

په‌یامی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ ڕۆژی جیهانیی زمانی دایك

به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایك، جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراسته‌ی هه‌موو مرۆڤێكی كوردزمان ده‌كه‌ین له‌ هه‌ر كوێیه‌كی دونیا كه‌ هه‌ن. زمان وه‌ك دیارترین كه‌ره‌سته‌ی ناسینه‌وه‌ و فه‌رهه‌نگی هه‌ر گه‌لێك و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ر میلله‌تێك به‌شداریی هه‌ره‌سه‌ره‌كی ده‌كات له‌ نیشاندانی مێژوو و شارستانییه‌تی ڕه‌سه‌نی ئه‌و گه‌له‌، له‌سه‌ر ئاستی جیهانیشدا گه‌لێك نه‌ته‌وه‌ی زیندوو و به‌ئاگای دونیا هه‌ن كه‌ له‌ سه‌رده‌می جیهانگیریدا به‌ ده‌ست تێكه‌ڵبوونی زمانه‌كانیان به‌ كلتوور و شارستانییه‌تی گه‌لانی دراوسێ ده‌ناڵێنن، بۆیه‌ له‌ ئه‌مڕۆدا زۆرێك له‌ گه‌لانی دونیا له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كه‌ به‌هۆی خۆسه‌پێنی و كاریگه‌رییه‌كانی ته‌كنه‌لۆژیا و ئامڕازه‌ هاوچه‌رخه‌كانی گه‌یاندنه‌وه‌ زمانی دایكیان فه‌رامۆش نه‌كرێت. میلله‌ته‌ زیندووه‌كانى دونیا هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كه‌ زمان و زاراوه‌ی خۆیان بخزێننه‌ نێو زمانی ته‌كنه‌لۆژیا به‌ هه‌موو بواره‌كانییه‌وه‌.

بۆیه‌ له‌م بۆنه‌ جیهانییه‌ پیرۆزه‌دا په‌یامی خۆمان ئاراسته‌ی هه‌موو زمانزانان، پسپۆڕان و ئه‌كادیمیستانی زمانی شیرینی كوردی ده‌كه‌ین، كه‌وا درێغی نه‌كه‌ن له‌ به‌زیندووهێشتنه‌وه‌ی زمانی كوردی، هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ پیرۆزبایی گه‌رمی خۆمان ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ كوردستان ده‌ژین و خاوه‌نی زمان و فه‌رهه‌نگی تایبه‌ت به‌ خۆیانن و هیواخوازین ئه‌م ته‌بایی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ و تێكه‌ڵییه‌ فه‌رهه‌نگییه‌ش هه‌ر به‌ره‌و پێش بچێت و هه‌موومان له‌ژێر چه‌تری پێكه‌وه‌ژیاندا پارێزگاری له‌ زمانى دایك و كلتووری نیشتمانی بكه‌ین.
د. ڕێواز فائق
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
٢١ی شوباتی ٢٠٢٢