Skip to the content
Menu

ڕووسیا.. د. هێمن هەورامی له‌گه‌ڵ میخائیل بۆگدانۆڤ کۆبووەوە

لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ وڵاتی ڕووسیا، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٢/٢٤، د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ میخائیل بۆگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و باسیان له‌ پەیوەندیی له‌مێژینه‌ی نێوان هه‌ردوولا و بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە كرد.
لە دیداره‌که‌دا كه‌ لە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا به‌ڕێوه‌چوو، هەردوولا جەختیان لەسه‌ر گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە سەرجەم بوارەکان کردەوە، کە لە ئاست ئه‌و پەیوەندییه‌ مێژووییه‌ى بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان و ڕووسیا دابێت.
د. هێمن هەورامی، سڵاو و ڕێزى پەرلەمانی کورستان و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانى گەیاندە بۆگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتیی ڤلادیمیر پووتین، بۆ کاروباری ڕِۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باسی له‌ پەیوەندیی دێرینی نێوان هەرێمی کوردستان و گەل و حکوومەتی ڕِووسیا کرد و جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی پته‌وتركردنی زیاترى ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كاندا كرده‌وه‌. هه‌روه‌ها پرسی کارکردن و هاتنی کۆمپانیا ڕووسییەکان بۆ هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاکاندا باسی لێوه‌ كرا.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا دواین پێشهاتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە تاووتوێ کرا و ڕۆڵی ڕووسیا له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌ گرنگ و كاریگه‌ر زانرا له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌ تایبه‌تی له‌ سوریا.