Skip to the content
Menu

سلێمانی.. به‌ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان پلاتفۆڕمی كوردستان بۆ پرسه‌ نیشتيمانییه‌كان به‌ڕێوه‌چوو
د. هێمن هه‌ورامى: "جه‌خت له‌سه‌ر پابه‌ندبوون به‌و كاتبه‌ندییه‌ ده‌ستوورییانه ده‌كه‌ینه‌وه‌ ‌بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كاتی خۆیدا"

له‌ پلاتفۆڕمی کوردستان بۆ پرسە نیشتیمانییەکان سه‌باره‌ت به‌تاووتوێكردنی پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان، كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١/٢٩، له‌ شارى سلێمانی به‌ئاماده‌بوونی سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و شاره‌زایانی ئه‌كادیمی به‌ڕێوه‌چوو، د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وتارێكی پێشكه‌ش كرد و تێیدا سوپاسى پلاتفۆڕمی کوردستان بۆ پرسە نیشتیمانییەکانى كرد بۆ سازكردنی ئه‌و چالاكییه‌ و بانگهێشتكردنیان بۆ به‌شداربوون له‌ چالاكییه‌كه‌ و قسه‌كردن له‌سه‌ر پرسێكی گرنگ و چاره‌نووسسازی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ ئه‌ویش پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان و یاسای هه‌ڵبژاردن و بابه‌تی كۆمسیۆن و خستنه‌ڕووی بیروبۆچوونه‌كانه‌ بۆئه‌وه‌ی بتوانن بگه‌نه‌ زه‌مینه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ پابه‌ندبوون به‌ ته‌وقیتاتی ده‌ستوورى.
ڕِاشیگه‌یاند: "ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌رده‌وام پشتیوانیی ئه‌وه‌ین كه‌ ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، دامه‌زراوه‌ ئه‌كادیمییه‌كان، به‌شداربن له‌و گفتوگۆیانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر پرسه‌ نیشتیمانییه‌كان ده‌كرێن، بۆیه‌ به‌شداربوونی ئێمه‌ و به‌شێكی باش له‌ سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان و ئه‌ندامانی به‌ڕێزی په‌رله‌مان له‌و چالاكییه‌، بۆ ده‌رخستنی پاڵپشتی و پشتیوانییه‌ بۆ ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی كه‌ ئێستا له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و فراكسیۆنه‌كان هه‌یه‌ بۆ ڕای گشتی و بۆ ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و بۆ خه‌ڵكانی پسپۆڕ، زیاتر ڕوون بكرێته‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و سوودوه‌رگرتن له‌ بیروبۆچوونه‌ جیاوازه‌كان و زه‌مینه‌سازكردنی لێكتێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش له‌م ڕووه‌وه‌".
هه‌ر له‌وتاره‌كه‌یدا د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، باسی له‌ هه‌وڵه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمی كوردستان كرد و جه‌ختى له‌سه‌ر پێویستیی پابه‌ندبوون به‌و كاتبه‌ندییانه‌ كرده‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كاتی خۆیدا و ڕایگه‌یاند: "ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونمان له‌ مانگی ٨ى (٢٠١٩)ه‌وه‌ سه‌ردانی ته‌واوی لایه‌نه‌ سیاسییه‌ به‌ڕێزه‌كانى كوردستانمان كردووه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بابه‌تی ده‌ستوور، له‌سه‌ر بابه‌تی لێكتێگه‌یشتن، له‌سه‌ر بابه‌تی خۆئاماده‌كردن، تا بتوانین زه‌مینه‌سازییه‌كی باشترى سیاسی و یاسایی بكرێت، بۆئه‌وه‌ی ده‌ستوورى هه‌رێمی كوردستان له‌م خوله‌ى په‌رله‌مانی كوردستان كارى له‌سه‌ر بكرێت، هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی ئه‌مه‌شدا ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌میشه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان، له‌ كۆبوونه‌وه‌ و دانیشتنه‌كان، له‌ ده‌ستپێكی وه‌رزه‌كان، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى هه‌رێمی كوردستان، ڕشت بووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ به‌ڕێزه‌كان، فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مانی كوردستان، پابه‌ندی ئه‌و كاتبه‌ندییانه‌ بن كه‌ پرۆسه‌ی دیموكراسی، هه‌ڵبژاردن و بابه‌ته‌كانی تر كه‌ پێویست ده‌كات ئاماده‌كاریى زیاتریان بۆ بكرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى واده‌كان، ئێمه‌ ڕۆژی سێشه‌ممه ٢٠٢١/١١/٣‌، وه‌كو سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌ به‌ڕێزه‌كان هه‌بووه‌ و له‌وێ به‌ وردى و به‌ ڕوونی پێمان گووتوون فراكسیۆنه‌ به‌ڕێزه‌كان، لایه‌نه‌ سیاسییه‌ به‌ڕێزه‌كان، له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تییه‌كانی خۆتان قسه‌ بكه‌ن كه‌ ئێمه‌ ته‌وقیتاتێكی ده‌ستووریمان هه‌یه ٢٠٢٢/١١/٦‌، واده‌ی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانى كوردستان كۆتایی پێدێت، واته‌ ده‌بێت پێش ٢٠٢٢/١١/٥، هه‌ڵبژاردن بۆ خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان كرابێت، بۆ ئه‌مه‌ش به‌پێی یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له ٢٠٢٢/٩/٦‌، سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌بێ فه‌رمانی هه‌رێمیی بۆ دیاریكردنی ڕۆژی هه‌ڵبژاردن ده‌ركردبێت و ئه‌بێ كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش پێش ٩/٦ به‌ شه‌ش مانگ، واته‌ له‌ ٣/٦ كۆمسیۆن ئاماده‌ بووبێت بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كاتی خۆیدا بكرێت، له‌م ڕووه‌شه‌وه‌ ئێمه‌ جارێكی تریش ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١١/١٨، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تری سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانمان كردووه‌ بۆ له‌یه‌كتر نزیككردنه‌وه‌ى بیروبۆچوونی ئه‌و لایه‌نه‌ به‌ڕێزانه‌ تا بتوانین خاڵی هاوبه‌ش له‌ بیروبۆچوونه‌كانیان بدۆزینه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی میكانیزمێك بگیرێته‌به‌ر كه‌ هه‌موو لایه‌ك به‌شداربن له‌ ئاڕاسته‌كردن و پابه‌ندبوون به‌م ته‌وقیتاته‌ ده‌ستوورییانه‌ی كه‌ هه‌یه‌".
گووتیشی: "جارێكی تریش ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان، ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١٢/١٦، كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان كردووه‌ بۆئه‌وه‌ى ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ گفتوگۆكردن، بۆ لێكتێگه‌یشتن، بۆ گه‌یشتنه‌ میكانیزمێكی گونجاو تابتوانین هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ پابه‌ند و ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه‌ یاساییه‌ی له‌سه‌ر شانمانه‌ جێبه‌جێی بكه‌ین، بۆئه‌وه‌ی فراكسیۆنه‌ به‌ڕێزه‌كان زیاتر ده‌رفه‌تی گفتوگۆكردنیان هه‌بێت، داوامان لێكردن كه‌ به‌بێ ئاماده‌بوونی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی جارێكی تر له‌نێوان خۆیاندا كۆببنه‌وه‌، ڕۆژی ٢٠٢١/١٢/٢٠، سه‌رۆك فراكسیۆنه‌ به‌ڕێزه‌كان به‌بێ ئاماده‌بوونی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی خۆیانیان كردووه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یاندا گفتوگۆی جدییان له‌سه‌ر ئه‌و میكانیزمانه‌ كردووه‌".
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مكان باسی له‌ ئامانجه‌كانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان له‌م كۆبوونه‌وانه‌ و سه‌رپه‌رشتیكردنیان كرد و ڕایگه‌یاند: "ئامانجی ئێمه‌ له‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ داڕشتنی هه‌موو ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ و سه‌رپه‌رشتیكردن و زه‌مینه‌سازی، بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ دووپاتی بكه‌ینه‌وه‌ هه‌موو لایه‌كمان پابه‌ند بین به‌و كاتبه‌ندییه‌ ده‌ستوورییانه‌ی كه‌ هه‌یه‌، بۆئه‌وه‌ی هه‌موومان هاوكاربین له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كاتی خۆی و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ سیاسی و یاساییانه‌ی كه‌ پێویست ده‌كا، ئه‌و ئاماده‌كارییه‌ ته‌كنیكییانه‌ی كه‌ پێویست ده‌كا، چ له‌ نوێكردنه‌وه‌ى كۆمسیۆن بێت یان هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسای كۆمسیۆن و پێكهێنانی كۆمسیۆنێكی نوێ بێت، یان ده‌نگدانه‌وه‌ و متمانه‌دانه‌وه‌ به‌و كۆمسیۆنه‌ى ئێستا و پڕكردنه‌وه‌ی فه‌راغه‌كانی بێت، هه‌ر بابه‌تێك كه‌ فراكسیۆنه‌ به‌ڕێزه‌كان له‌سه‌ری كۆك ئه‌بن، ئێمه‌ كارى له‌سه‌ر بكه‌ین".
"ئه‌مڕۆ ٢٠٢٢/١/٢٩، واته‌ كاتی پێویست درایه‌ سه‌رۆك فراكسیۆنه‌ به‌ڕێزه‌كان، كاتی پێویست دراوه‌ته‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ به‌ڕێزه‌كان، ئێمه‌ بۆئه‌وه‌ی بتوانین پابه‌ندى ئه‌و ته‌وقیتاته‌ ده‌ستوورییانه‌ بین و پێش ٢٠٢٢/١١/٦ هه‌ڵبژاردن بۆ خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان كرابێت، كاتێكی زۆرمان به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌، بۆیه‌ ئێستا له‌ ئه‌مڕۆ به‌دواوه‌ كاتی كاركردن و بڕیاردانه‌ له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌ به‌ڕێزه‌كانه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى بتوانین هه‌موومان پابه‌ندبین به‌ ته‌وقیتاتی ده‌ستوورییه‌وه‌".
گووتیشی: "ئه‌وه‌ى بۆ ئێمه‌ گرنگه‌، ئه‌وه‌ى ئێستا كه‌ فه‌راغمان هه‌یه‌، فه‌راغمان له‌ كۆمسیۆن هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و كۆمسیۆنه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ له‌ ٢٠١٩/١٢/٢٠، كاته‌كه‌ی به‌سه‌رچووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له ٢٠١٤/١٢/٢٠‌ متمانه‌ى پێدراوه‌، ئه‌و كات كه‌ كۆمسیۆن دروست كراوه‌، ئه‌م كۆمسیۆنه‌ به‌ ڕێككه‌وتنی پێنج حزبی سیاسی بووه‌ كه‌ له‌ناو كابینه‌ی هه‌شته‌می حكوومه‌تی هه‌رێمى كوردستان بوون، ئه‌وانیش پارتی دیموكراتی كوردستان، یه‌كێتیی نیشتیمانی، بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، یه‌كگرتووی ئیسلامی، كۆمه‌ڵی ئیسلامی بووه‌، به‌پێی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ى كه‌ كردوویانه‌ و به‌پێی به‌ركه‌وته‌ى هه‌ڵبژاردن و سانت لیگۆ، (٩) كۆمسیاره‌كه‌ و ته‌نانه‌ت ته‌واوى فه‌رمانبه‌ران و كارگوزارانی ئه‌م كۆمسیۆنه‌ به‌پێی به‌ركه‌وته‌ى هه‌ڵبژاردنه له‌نێوان ئه‌و پێنج لایه‌نه‌ سیاسییه‌ به‌ڕێزه‌ دابه‌ش كراوه‌، پرسیاره‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌ و به‌شوێن وه‌ڵامدا ده‌گه‌ڕێین، ئایا ئه‌م كۆمسیۆنه‌ متمانه‌ى پێبدرێته‌وه‌ یان كۆمسیۆنى نوێ دروست ده‌كرێته‌وه‌، یان یاسای كۆمسیۆن ئه‌گۆڕدرێ و هه‌موار ده‌كرێت، بۆئه‌وه‌ی بیر له‌ پێكهاته‌ى ترى كۆمسیۆن بكرێته‌وه‌".
سه‌باره‌ت به‌ دیاریكردنی چاره‌نووسی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش، د. هێمن هه‌ورامی، ڕایگه‌یاند: "كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌ نووسراوی ژماره‌ ٧٦ له‌ ٢٠١٩/٨/٢٥ داوایان له‌ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان كردووه‌ كه‌ چاره‌نووسی كۆمسیۆن به‌ نه‌زه‌رى ئیعتیبار وه‌ربگرن و كارى له‌سه‌ر بكه‌ن، جارێكی تر به‌ نووسراوی ژماره‌ ٦٢ له‌ ٢٠٢١/٨/٤ كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان داوایان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كردووه‌ كه‌ چاره‌نووسیان یه‌كلایی بكاته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن".
گووتیشی: "ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ لێره‌وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نین پابه‌ندین و كاریشی بۆ ئه‌كه‌ین تا هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كاتی خۆیدا بكرێ و ئه‌و كاته‌ی كه‌ پێویست بووه‌ دراوه‌ته‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌ به‌ڕێزه‌كان، دراوه‌ته‌ فراكسیۆنه‌ به‌ڕێزه‌كان، ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی ڕێگه‌ ناده‌ین په‌نجه‌ی تۆمه‌تمان بۆ درێژ بكرێ و بڵێن سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان جدى نه‌بوو له‌ به‌ڕێوه‌بردن و زه‌مینه‌سازكردن، بۆیه‌ داوا له‌ فراكسیۆنه‌ به‌ڕێزه‌كان ئه‌كه‌ین، داوا له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ به‌ڕێزه‌كان ئه‌كه‌ین، داوا له‌ هه‌موو لایه‌كتان ئه‌كه‌ین جدییه‌تی كه‌میی ماوه‌ و كه‌میی كات له‌به‌رچاو بگرن بۆئه‌وه‌ی هه‌موومان پێكه‌وه‌ ئاماده‌سازیی جدیترى بۆ بكه‌ین".
له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌شیدا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند: "پێش ماوه‌یه‌كیش كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگی نێوان به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و جینین بلاسخارت، نێرده‌ی تایبه‌تیی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌نجام درا و له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌شدا جه‌خت له‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌بێ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كاتی خۆیدا بكرێت، بۆیه‌ ئه‌و ڕێوشوێنه‌ یاساییانه‌ی كه‌ به‌پێی یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم پێویست ئه‌كا ئه‌گیرێنه‌ به‌ر و ئێمه‌ هه‌موو هه‌وڵێكیشمان ئه‌ده‌ین هه‌م له‌ ڕێی ئێوه‌، له‌ ڕێی ئه‌كادیمییه‌كان، لایه‌نه‌ سیاسییه‌ به‌ڕێزه‌كان، فراكسیۆنه‌كان، یۆنامی، كۆمسیۆنى عێراق، پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ بتوانین ئه‌وپه‌ڕی شه‌فافییه‌ت له‌ ئاماده‌كارى بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌بێ و چاودێرییه‌كی وردى چۆنیه‌تیی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌بێت تا به‌یه‌كه‌وه‌ بتوانین پرۆسه‌ی سیاسیی هه‌رێمى كوردستان به‌دوانه‌خستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌ ئه‌نجامدانی له‌ كاتی خۆی ده‌رفه‌ت بدرێته‌ هاووڵاتییانى كوردستان بۆ له‌ بێژینگدانی هێزه‌ سیاسییه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانى ئێستا و هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و ده‌رفه‌تیش بداته‌ ده‌نگ و ڕه‌نگی جیاوازتر كه‌ ئێستا له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ن، تا بتوانن له‌ هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌ ده‌نگی پێویست به‌ده‌ستبێنن و بێنه‌ ناو پرۆسه‌كه‌وه‌".