Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی به‌دواداچوون بۆ چاره‌نووسی قوربانییان و بێسه‌روشوێنانی ده‌ریای ئیجه‌ ده‌كات

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١/١٣، د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ د. ستاڤرۆس كیریمێس، كونسوڵی گشتیی كۆماری یۆنان له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری كرد.
له‌ دیدارێكدا كه‌ ئه‌رده‌لان محه‌مه‌د سه‌رسپی، سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مان و ژماره‌یه‌ك له‌ ڕاوێژكارانی په‌رله‌مان ئاماده‌ی بوون، باس له‌ چاره‌نووسی قوربانییان و بێسه‌روشوێنانی ده‌ریای ئیجه‌ كرا و د. هێمن هه‌ورامی، وێڕای ده‌ربڕینی هاوخه‌میی خۆی بۆ قوربانیانی ئه‌و كاره‌ساته‌، داوای له‌ كونسوڵی گشتیی یۆنان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ دۆزینه‌وه‌ى بێسه‌روشوێنان و ته‌رمی قوربانیانى ئه‌و ڕووداوه‌ جه‌رگبڕه‌ و زانینی چاره‌نووسیان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی په‌یوه‌ندی و هاریكاریی نێوده‌وڵه‌تیی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ڕاسپارد له‌گه‌ڵ كونسوڵخانه‌ی گشتیی كۆماری یۆنان له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پرسه‌ بكه‌ن.
لای خۆیه‌وه‌ كونسوڵی گشتیی یۆنان، ئاماده‌یی ته‌واوى خۆی نیشاندا بۆ هه‌موو جۆره‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیىه‌كی پێویست له‌و باره‌یه‌وه‌.
چۆنیه‌تیی به‌هێزتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی یۆنان و كردنه‌وه‌ی خول و سیمینار و وێركشۆپ و ئالوگۆڕیی زانیاری له‌ بوارى كاری په‌رله‌مانیدا، ته‌وه‌ری دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوون.
شایه‌نی باسه‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ى ڕابردوو ٢٠٢٢/١/٤، كه‌سوكارى قوربانییان و بێسه‌روشوێنانی ده‌ریای ئیجه‌ سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانیان كرد و داوایان له‌ په‌رله‌مان كرد به‌دواداچوون بكات بۆ دۆزینه‌وه‌ى ته‌رمی قوربانییان و چاره‌نووسی بێسه‌روشوێنانى ده‌ریای ئیجه‌.