Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌ شاندێكی باڵای پارتی ماف و ئازادییه‌كان له‌ توركیا كرد

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١/٩، د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی كرد له‌ شاندێكی باڵای پارتی ماف و ئازادییه‌كان له‌ توركیا (هاك-پار)، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی له‌تیف ئه‌پۆز ده‌میر سه‌رۆكی گشتیی پارته‌كه‌.
له‌ دیدارێكدا د. هێمن هه‌ورامی، پوخته‌یه‌كى له‌باره‌ی خوله‌كانی په‌رله‌مان و كاروباره‌كانی ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مان له‌ ڕووی ژماره‌ی فراكسیۆنه‌كان و لێژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان و كورسیی كۆتاكان خسته‌ ڕوو و ڕاشیگه‌یاند: "له‌ خولی یه‌كه‌می په‌رله‌مانه‌وه‌ تائێستا كه‌ خولی پێنجه‌مه‌، ٤٠٢ یاسا ده‌رچووه‌"، هه‌روه‌ها باسی له‌ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كرد.
سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ى كورد له‌ توركیا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، جه‌ختی له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ و ئاشتییانه‌ كرده‌وه‌.
لای خۆیه‌وه‌ له‌تیف ئه‌پۆز ده‌میر، سه‌رۆكی پارتی ماف و ئازادییه‌كان له‌ توركیا، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان به‌ سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، ڕایگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان نموونه‌یه‌كی جوانی دیموكراسییه‌ كه‌ ڕێژه‌یه‌كی زۆر له‌ ئافره‌ت و كۆتای تیدایه‌ و جێگه‌ی شانازیی ئێمه‌یه‌".
شاندی میوانیش هاوڕابوون له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ و ئاشتییانه‌ و دوور له‌ توندوتیژی.