Skip to the content
Menu

د. هێمن هەورامی پێشوازی لە کونسوڵی کۆریای باشوور کرد

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/١/١٧ د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی د. ڕێبوار بابکەیی سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی و پەرلەمانتار جینان جبار بۆیە، پێشوازی لە چۆی کوانژین کونسوڵی گشتی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان کرد.

سەردانەکەی کونسوڵی گشتی کۆریای باشوور بۆ پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی بوو وەکو کونسوڵی کۆریای باشوور، کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان کاری کردووە.

لەلایەن خۆیەوە د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سوپاسی چۆی کوانژینی کرد، کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو بەو پەڕی دڵسۆزییەوە کاری کردووە و پردێکی پەیوەندی بەهێز بووە لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەی و لە ڕێگەی ئەویشەوە سوپاسی کۆریای باشووری کرد کە هەمیشە هاوکار و پاڵپشتی بەهێزی هەرێمی کوردستان بووە، هاوکات هیوای سەرکەوتنی لە کاری داهاتوو بۆ خواست.