Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ سه‌یوان بارزانی و مامۆستا مه‌زهه‌رى خالقی كرد
ڕِه‌شنووسی پڕۆژه‌یه‌كی نیشتمانیی تایبه‌ت به‌ زمان و كلتووری كوردی پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرا

دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١/٤، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ سه‌یوان بارزانی، باڵیۆزی عێراق له‌ پورتوگال و مامۆستا مه‌زهه‌ری خالقی، سه‌رۆكی ئینستتیوتی كه‌له‌پووری كوردی كرد، كه‌ باڵیۆزی عێراق له‌ پورتوگال به‌مه‌به‌ستی پاڵپشتیكردنی له‌ ڕه‌شنووسی پڕِۆژه‌یه‌كی نیشتمانیی تایبه‌ت به‌ زمان و كلتووری كوردی، كه‌ له‌لایه‌ن مامۆستا مه‌زهه‌رى خالقى ئاماده‌ كراوه‌، به‌ یاوه‌ریی شاعیرى ناسراو عه‌بدولڕه‌حمان بێلاف، سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانیان كردبوو، بۆئه‌وه‌ى ڕه‌شنووسی پڕۆژه‌ نیشتمانییه‌كه‌ پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان بكه‌ن.
له‌ دیدارێكدا كه‌ ڕۆمیۆ هه‌كاری، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌ی بوو، د. ڕێواز فائق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ بایه‌خه‌وه‌ باسی گرنگیی بوونی پڕِۆژه‌یه‌كی نیشتمانیی له‌و شێوه‌یه‌ی كرد، كه‌ تێیدا ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م شێوه‌زار و دیالێكته‌ جیاوازه‌كانی زمانی كوردی نه‌هێڵێت و چاره‌سه‌ری بكات.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان، تیشكی خسته‌ سه‌ر هه‌وڵ و ماندووبوونی ئه‌كادیمیای كوردی و كاره‌كانیانی به‌رز نرخاند، كه‌ وه‌ك ناوه‌ندێكی زانستی و ئه‌كادیمی ڕۆڵێكی به‌رچاویان بینیوه‌ له‌ خزمه‌تكردن به‌م بواره‌.
دواتر سه‌یوان بارزانی، وه‌ك باڵیۆزی ئێستای عێراق له‌ پورتوگال، به‌هۆی تێكه‌ڵیی كلتووری و ڕۆشنبیریی خۆیان له‌ وڵاتانی ئه‌وروپی، له‌ نزیكه‌وه‌ باسی گرنگی و كاریگه‌رییه‌كانی زمانی یه‌كگرتووی كوردی و به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستنه‌وه‌ی كلتووری ناوچه‌ جیاجیاكانی كوردستانى كرد.
پاشان مامۆستا مه‌زهه‌ری خالقی، له‌باره‌ی ڕه‌شنووسی پڕِۆژه‌كه‌یان به‌ناوی (ئه‌كادیمیای نیشتمانیی كوردستان)، چه‌ند ڕوونكردنه‌وه‌ و زانیارییه‌كی پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووانی دیداره‌كه‌ كرد، كه‌ تێیدا به‌ وردی ئامانجی پڕِۆژه‌كه‌یانی خسته‌ ڕوو و داواشی له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد كه‌ هاوئاهه‌نگ و پشتیوان بێت له‌ سه‌رخستنی پڕِۆژه‌كه‌یاندا، له‌به‌رئه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه‌ جگه‌ له‌لایه‌نی بایه‌خدان به‌ زمان و زاراوه‌، چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی هونه‌ری و كلتووریی دیكه‌ش له‌خۆ ده‌گرێت بۆ لێكگرێدان و یه‌كخستنی زمان و فه‌رهه‌نگی نیشتمانی.
له‌ به‌رامبه‌ردا د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ڵێنی پشتیوانیكردنی خۆی له‌ پڕۆژه‌كه‌ له‌ سنووری ده‌ستڕۆییه‌كانی خۆیدا به‌ مامۆستا مه‌زهه‌ری خالقی و شاندی مێوان ڕاگه‌یاند و هیواشی خواست كه‌ ڕه‌شنووسی پڕِۆژه‌كه‌ ڕه‌زامه‌ندیی ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ده‌ست بهێنێت و ڕێكاره‌ یاساییه‌كانی خۆ وه‌ربگرێت بۆ خوێندنه‌وه‌ى و گفتوگۆگردنى و په‌سه‌ندكردنى.