Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی كاروباری په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایەتیی دیوان كۆ بووەوە

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر كاروباره‌كانی دیوانی په‌رله‌مان و به‌ڕێوبه‌رایه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كان و پڕۆتۆكۆڵ، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١/١٨ لیژنه‌ی كاروباری په‌رله‌مان و سكاڵا به‌سه‌ر په‌رشتیی د.ئیسماعیل سگێری سه‌رۆكی لیژنه‌ و به‌ ئاماده‌بونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌کە له‌گه‌ڵ ئه‌رده‌لان محمد سەرسپی سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مان و هیوا نه‌سره‌ددین جێگری سه‌رۆكی دیوان و به‌ڕێوبه‌ری پڕۆتۆكۆڵ كۆبوونه‌وه‌.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌ی كاروباری په‌رله‌مان بوو. سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌ سه‌رنج و تێبینیه‌كانیان له‌سه‌ر كاروباری پڕۆتۆكۆڵ و ئاماده‌كاری نوسینگه‌كانی په‌رله‌مان له‌ پارێزگاكان و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان له‌كاتی سه‌ردانی كردنی لیژنه‌ هه‌میشه‌یه‌كانی په‌رله‌مان خسته‌ ڕوو، داواییان كرد كه‌ ڕێكخستنی زیاتر ئه‌نجام بدرێت له‌كاتی سه‌ردانی مه‌یدانی و به‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كان. دواتر سه‌رۆكی دیوان و شاندی یاوه‌ری ڕوونكردنه‌وه‌ی ته‌واویان خسته‌ به‌رده‌ستی لیژنه‌كه‌ و ڕایانگه‌یاند كه‌ به‌شێك له‌ گرفته‌كان په‌یوه‌ندیدارن به‌ سنورداری ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی پرۆتۆكۆل و كه‌می ئۆتۆمبێلی پڕۆتۆكۆڵ و كه‌می بودجه‌ی په‌رله‌مان، به‌شێكی تریشی په‌یوه‌ندی به‌ خول و ڕاهێنانی زیاتر هه‌یه‌ كه‌ بۆ فه‌رمانبه‌رانی نوسینگه‌كان بكرێنه‌وه‌ و ئاستی شاره‌زاییان زیاتر بكرێت له‌ بواری پرۆتۆكۆڵ و پێشوازی .