Skip to the content
Menu

لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و وەزارەتی پەروەردە کۆبوونەوە

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/١/١٧ لێژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە سەرپەرشتی عبدالسلام دۆلەمەڕی سەرۆکی لێژنە و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی لێژنە و بڕیارده‌ر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەکە پێشوازییان لە ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.
سەرەتا سەرۆکی لێژنە بەگەرمی بەخێرھاتنی وەزیری پەروەردە و شاندی یاوەری کرد، بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونی بدەنە لێژنەی پەروەردە لەسەر پرۆژەیاسای پەروەردە و فێرکردن تاوەکو لێژنەی پەروەردە وەک لێژنەی تایبەتمەند دیراسەی پرۆژە یاساکە بکەن.
لەکۆبوونەوەکەدا وەزیری پەروەردە باسی لە چۆنیەتی ئامادەکردنی ئەم پڕۆژەیاسایە کرد کە بە کاتێکی زۆر و بە ھەوڵ و ماندووبوون و دیراسەکردنی سیستەمی پەروەردەی چەندین وڵات ئامادەکراوە، ھەروەھا باسی لە گرنگی و گشتگیری پرۆژە یاساکە کرد، کە ئەم پڕۆژەیاسایە دیدێکی فەلسەفی و ھاوچەرخ بۆ سێکتەری پەروەردە دەخاتە بەردەست.
لەبەشیکی تری کۆبوونەوەکە ئەندامانی لێژنەی پەروەردە پرسیارو سەرنج و پێشنیارەکانیان ئاراستەی وەزیری پەروەردە کرد و لەلایەن خۆیەوە وەزیری پەروەردە وەڵامی سەرجەم سەرنج و پێشنیارەکانی ئەندامانی لێژنەی پەروەردەی دایەوە و ھەردوولا بڕیاریان لەسەر ھەماھەنگی و پێکەوە کارکردن دا بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە پرۆژەیاساکە لەلایەن لێژنەی پەروەردە کاری لەسەربکرێت.