Skip to the content
Menu

په‌رله‌مانی كوردستان وۆركشۆپێکی لە ژێر ناوونیشانی (ناساندنی پرۆسه‌ی جینۆساید دژ به‌گه‌لی كورد)ی به‌ڕێوه‌ برد

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممە ٢٠٢٢/١/٢٦ ,ٕ به‌ئاماده‌بوونی د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، لێژنه‌ی كاروباری شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی به‌هاوكاری سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان و به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سەنتەری لێکۆڵینەوەی جینۆساید- زانکۆی دهۆک، سەنتەری لێکۆلینەوەی جینۆساید زانکۆی چەرمۆ و سەنتەری بێشکچی بۆ لێکۆلینەوەی مرۆڤایەتی وۆركشۆپێكی له‌ژێر ناونیشانی (ناساندنی پرۆسه‌ی جینۆساید و دژ به‌گه‌لی كورد) سازكرد.

له‌وۆركشۆپه‌كه‌دا كه‌ وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و بریكاری وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و نوێنه‌ری ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌ت و ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمیه‌كانی شاره‌زا لەبواری تاوانە نێودەوڵەتیەکان و کۆمەلێک ڕێکخراوێ بواری جینۆساید ئاماده‌ی بوون، ده‌سپێكی چالاكیه‌كه‌ به‌ ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان ده‌ستی پێكرد، سه‌ره‌تا سه‌رۆكی لیژنه‌ی شه‌هیدان وته‌یه‌كی كورتی پێشكه‌ش كرد و وێڕای به‌خێرهێنانی میوانه‌كان ئامانجی وۆركشۆپه‌كه‌شی خسته‌ ڕوو، دواترچه‌ند پانێلێك له‌لایه‌ن پسپۆڕان و شاره‌زایان و مامۆستایانی زانكۆ ئه‌نجامدران.

به‌شداربووانی پانێله‌كان له‌ قسه‌كانیاندا ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد كه‌ پێویسته‌ به‌ شێوازی جۆراوجۆر ئه‌م تاوانه‌ نامرۆڤایه‌تیانه‌ی دژی گه‌لی كورد ئه‌نجام دراون له‌ هزر و بیری نه‌وه‌ی ئێستا و نه‌وه‌كانی داهاتوو بهێلدرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش به‌وه‌ ده‌كرێت له‌ پرۆگرامه‌كانی خوێندن گرنگی زیاتر به‌ بابه‌تی تاوانه‌كانی جینۆساید بدرێت و له‌ زانكۆكانی كوردستانیش وانه‌ی تایبەتی بۆ ته‌رخان بكرێت، هه‌روه‌ها ڕێگاكانی به‌نێوده‌وڵه‌تی كردنی ئه‌م دۆسییه‌یە قسه‌ی له‌سه‌ر كرا كه‌ ده‌توانرێت له‌ رێگه‌ی بەدۆكۆمێنت كردن و دامه‌زراندنی مۆزه‌خانه‌ی تایبه‌ت و سود وه‌رگرتن له‌ تاقی كردنه‌وه‌ی گه‌لانی تر و چاره‌سه‌ری یاسایی بۆ ئاسه‌واری تاوانه‌كانی جینۆسایده‌وه‌ كاری جدی له‌سه‌ر بكرێت.

له‌كۆتاییدا جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ بۆ بابه‌تێكی گرنگی له‌م شێوه‌یه‌ میكانیزمی گونجاو بدۆزرێته‌وه‌ بۆ دروست كردنی لۆبی له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ رێگه‌ی نوێنه‌رایه‌تیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ده‌ره‌وه‌ و ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كوردانه‌ی كه‌ له‌ به‌شێك له‌وڵاتانی ئه‌وروپا ئه‌ندامی په‌رله‌مانن، بۆ ئه‌وه‌ی جیهان ئاگادار بێت له‌م تاوانانه‌ی دژی گه‌لی كورد ئه‌نجام دراون.