لێژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابوورى چەند پرسێکی گرنگ تاووتوێ دەکات
بەمەبەستی تاووتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە کاری لێژنەكه، پێشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ سێشەممه ٢٠٢٢/١/٢٥، لێژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابوورى، به‌سه‌رپه‌رشتیی زیاد جه‌بار، سه‌رۆكى لیژنه و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه و بڕیاردەر و ئه‌ندامان و ڕاوێژکارانی لێژنه‌كه كۆبووه‌وه.
سەرەتای كۆبوونەوەكە خوێندنەوە بۆ سەرجەم ئەو نووسراو و یاداشتانە كرا كە ئاڕاستەی لێژنەكه كرابوون، دوای گفتوگۆكردن و گۆڕینەوەی بیروڕای ئەندامان، ئەوانەی پێویستییان به وەڵامدانەوە هه‌بوو وه‌ڵامدرانه‌وه، ئەوانه‌ی تریش ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كران، به‌مه‌به‌ستی ئاڕاستەكردنیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان.
هه‌ر لە کۆبوونەوەکەدا، نووسراوی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان سەبارەت بە خانەنشینی و بەرزکردنەوەی پلەی مامۆستایان خوێندرایەوە و گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
هه‌روه‌ها لێژنە بڕیاری دا لێژنەیەک پێكبهێنێت له هه‌ریه‌ك له لیزا فەلەکەدین و سەرکۆ گەڵاڵی و عومەر گوڵپی، ئه‌ندامانى لێژنه‌كه به‌مه‌به‌ستی ئامادەکردنی بیرۆکەیه‌ك سەبارەت بە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینى.
بڕیاریش درا پڕۆژەیاسای بەڕێوەبەرایەتیی دڵنیایی ئامادە بکرێت و لە داهاتوودا گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.
هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له سۆنگه‌ی ڕێکخستن و ئامادەکردنی پلان و كارى داهاتووی لێژنەکە، بڕیار درا لێژنه‌كه لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی باج کۆببێتەوە بۆ ڕێکخستن و یەکخستنی باج و دادپەروەری لە کۆکردنەوەی باج لە هەرێمی کوردستاندا.
سەبارەت بە بابەتی قەرزی کەڵەکەبوو و پڕۆژەی نوێی ئاوەدانکردنەوە، لێژنە بڕیاری دا لە داهاتوودا لەگەڵ بەڵێندەرانی گشتبی هەرێم و نوێنەرانی لە پارێزگاکان کۆببێتەوە.
هه‌روه‌ك بڕیار درا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گومرک کۆببنەوە بۆ چاودێری و بەدواداچوون بۆ داهاتی گشتبی ناوخۆ و دەروازە سنوورییەکان.
لە کۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا به‌مه‌به‌ستی بەدواداچوون بۆ ڕاسپاردەی ڕاپۆرتی لێژنەکە لەبارەی داهاتی هەرێمی کوردستان و ناردنی پڕۆژەیاسای بودجە، بڕیار درا نووسراو ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت.