لێژنهی دارایی و كاروبارى ئابوورى لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی باجى ههرێم کۆبووەوه
بەمەبەستی تاووتوێکردنی بابەتی باج لە هەرێمی کوردستاندا، پێشنیوەڕۆی ئهمڕۆ دووشەممه ٢٠٢٢/١/٣١، لێژنهی دارایی و كاروبارى ئابوورى، بهسهرپهرشتیی زیاد جهبار، سهرۆكى لێژنه و ئامادهبوونی جێگرى سهرۆكی لێژنه و بڕیاردەر و ئهندامان و ڕِاوێژکارانی لێژنهكه، له هۆڵی لێژنه له تهلارى پهرلهمان، لەگەڵ د. کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باج کۆبووەوه.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک لێژنە و ئەندامان دەربارەی چۆنیەتی و چەندییەتی و زیادبوونی باج و پرسى گەورە باجدەران گفتوگۆیان کرد و چەندین پرسیاریشيان لەبارەی ئەو گلەیی و گازاندانەی سەبارەت بە زیادبوونی باج ڕِووبەڕوویان دهكرێتهوه، ئاڕاستەی بەڕێوەبەری گشتیی باجی هەرێم کرد .
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتیی باجی هەرێم، وەڵامی پرسیارەکانی ئەندامانی لێژنەكهی دایەوە و هەردوولا ڕاو سەرنج و تێبینیی خۆیان لەبارەیهوە خستە ڕوو.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، بڕیاردرا نووسراوێک ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت بۆ هەموارکردنی یاسای ژمارە ٢٦ی ساڵی ١٩٦٢، (قانون ضریبة العرصات)، تایبەت بە لابردنی باج لەسەر زەوییە بەتاڵەکان.