Skip to the content
Menu

لێژنه‌ی كاروباری شه‌هیدان و جینۆساید كۆنفڕانسێكى تایبه‌ت به‌ جینۆساید ئه‌نجام ده‌دات

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١/١٠، لێژنه‌ی كاروباری شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی، به‌سه‌رپه‌رشتیی سوسن محه‌مه‌د میرخان، سه‌رۆكی لێژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لێژنه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجام دا.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان ده‌ستی پێكرد، دواتر گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر كۆنفڕانسی تایبه‌ت به‌ جینۆساید، كه‌ بڕیاره‌ لێژنه‌كه‌ به‌ هاوبه‌شیی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ى په‌رله‌مان ئه‌نجامی بدات و بڕیار درا به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كات و شوێن و به‌رنامه‌ی كۆنفڕانسه‌كه‌ دیاری بكرێت.
له‌ به‌شی دووه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌ لێژنه‌كه‌ پێشوازیی لە شاندێكی یه‌كێتیی نووسه‌رانی جینۆسایدى كوردستان كرد و له‌ دیدارێكدا گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر گرنگیدانی زیاتر به‌ بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ بواری جینۆساید، هەروەها شانده‌كه‌ پڕۆژەیاسایەکیان ئاڕاستەی لێَژنەكه‌ کرد لەسەر پرسی جینۆساید و زیاتر به‌ جیهانیكردنی تاوانه‌كانی جینۆساید كه‌ به‌رامبه‌ر گه‌لی كوردستان ئه‌نجام دراون.