Skip to the content
Menu

په‌یامی د. هێمن هه‌ورامی له‌ ساڵیادی كۆچی دوایی كاك ئیدریس بارزانی

ئەمڕۆ ٣٥ ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر کۆچی دوایی کاک ئیدریس بارزانیی هه‌میشه‌ زیندوو، کە لە ئاوارەیی گیانی پاکی سپارد و گەیشتە ڕیزی نەمران، کاک ئیدریس وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌وره‌ى گه‌له‌كه‌مان، هەموو ژیان و تەمەنی خۆی بۆ بەرگریکردن لە خاك و وڵات و نەتەوەکەی ته‌رخان كرد.
سەرۆک بارزانی و كاك ئیدریس بارزانیی برای، بەیەکەوە لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول جارێکی دیکە ئاگرى خه‌باتی كوردایه‌تییان هه‌ڵایسانده‌وه‌ و گیانی بەرگری و قارەمانییەتییان بە زیندوویی ھێشتەوە و هیوایان بۆ گه‌ل و نیشتیمان گێڕایەوە.
كاك ئیدریسى جوانه‌مه‌رگ، هەمیشە دەرگای واڵا بووە بۆ هەموو نیشتمانپەروەرێک، وه‌ك ئه‌ندازیارى ئاشتی ڕۆڵی گه‌وره‌ى هه‌بووه‌ لە یەکتر نزیکكردنەوەی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و دامه‌زراندنی به‌ره‌ى كوردستانی، کەسێکی کوردپەروەر و نیشتمانپەروەر بوو، له‌ بواره‌كانی سیاسه‌ت و پێشمه‌رگایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا ڕۆڵی پێشه‌نگ و گه‌وره‌ و به‌رچاوی هه‌بووه‌.
لە ساڵیادی ژیانئاوایی كاك ئیدریس بارزانی-دا هەموومان له‌سه‌ر ڕێبازی كوردپه‌روه‌رانه‌ی ئەو، هەوڵی زیاتر بۆ پاراستنی دەسکەوتە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانمان و ده‌سته‌به‌ركردنی یەکڕیزی و ئاشتەوایی و یەکتر قبووڵکردن بدەین.
هه‌زاران سڵاو له‌ گیانی پاكی كاكه‌ ئیدریسى هه‌میشه‌ زیندوو و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی ڕێگه‌ی ڕزگاریى كورد و كوردستان.
د. هێمن هه‌ورامی
جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان