Skip to the content
Menu

پەیامی پیرۆزباییی سەرۆکی پەرلەمان بۆ ساڵیادی دامەزراندنی دەزگای میدیایی کوردسات

به‌بۆنه‌ی یادى (٢٢) بیست و دوو ساڵه‌ی دامه‌زراندنی كه‌ناڵی ئاسمانیی كوردسات، جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر و میدیاكاران و سه‌رجه‌م كارمه‌ندان و ته‌كنیكارانی ده‌زگای میدیایی كوردسات ده‌كەین، هیوای پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتنی به‌رده‌وامتان بۆ ده‌خوازم.
ھیوادارم كاروانه‌كه‌تان وه‌ك ھه‌میشه‌ له‌ خزمه‌ت گه‌یاندنی ڕاستیی ڕووداوه‌كان و تێڕوانینه‌ جیاوازه‌كان بێت و ببێته‌ سه‌كۆی به‌ یه‌كگه‌یشتنی نێوان خه‌ڵك و سەرجەم دامەزراوەكانی ھەرێمی كوردستان و چاودێرێكی ڕاسته‌قینه‌ بێت له‌ سەرجەم ئاستەكاندا.
ناوازه‌یی كوردسات له‌و خزمه‌تكردنه‌یه‌تی به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردى به‌ سه‌رجه‌م چین و توێژەکانییه‌وه‌، به‌ جوانترین شێواز و لانه‌دان له‌ به‌ها جوانەکانی كورده‌وارى و ئیتیکی كارى ڕِۆژنامەوانی، ئه‌مه‌ش ده‌ری ده‌خات كه‌ كوردسات‌ خاوه‌ن مۆرك و سیمای ناوازەی تایبه‌ت به‌ خۆیەتی، بۆیە كوردسات ده‌نگ و ڕەنگی كوردانه‌، كوردسات ده‌نگى هه‌مووانه‌.
دووباره‌ پیرۆزبێت ساڵیادی دامه‌زراندنی ئه‌م كه‌ناڵه‌ كوردییه‌ ڕەسەنە‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌ران و میدیاكاران و سه‌رجه‌م کارمەندانی، به‌ هیوای گەشەسه‌ندن و سه‌ركه‌وتنی بەردەوام.
د. ڕێواز فائق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٢٠٢٢/١/١