Skip to the content
Menu

شاندێکی لێژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ سەردانی چاکسازیی ئافرەتان و نەوجەوانانى لە پارێزگای دھۆک كرد

ڕِۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١/٢٣، شاندێکی لێژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ، بە سەرۆكایه‌تیی ڕۆمیو ھەکاری، سەرۆکی لێژنە و ئه‌ندامیه‌تیی لەیلا عه‌بدولجه‌بار و مەم ئەسکه‌ندەر و گوڵستان باقی، ئه‌ندامانی لێژنه‌كه‌، سەردانی چاکسازیی ئافرەتان و نەوجەوانانی لە پارێزگای دھۆک کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەر و ستافی ناو چاکسازییەکان کۆبووەوە و باسیان لە سەرجەم ئەو کێشە و گرفتانەى کە تایبەتن بە سزادراوان و کەموکوڕیی ئیداریی ناو چاکسازییەکان کرد.
پاشان سه‌ردانى ناو هۆڵه‌كانى سزادراوانیان كرد بۆئه‌وه‌ى له‌ نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سزادراوان قسه‌ بكه‌ن و گوێیان له‌ كێشه‌ و گرفته‌كانیان بێت، تابتوانن وه‌ك په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار هاوكار بن له‌ چاره‌سه‌ركردنیاندا.
دواتر شاندى لێژنەکەی په‌رله‌مان سه‌ردانى بەڕێوەبەرایه‌تیى توندوتیژیى خێزانی كرد و له‌لایه‌ن بەڕێوه‌بەری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌وه‌ پێشوازیی لێكرا و له‌ دیدارێكدا باس له‌ بارودۆخى ئه‌و ئافرەتانه كرا كه له سه‌نتەری نەوا داڵدەدراون كه به‌هۆی ئه‌نجامدانى توندوتیژى به‌رامبه‌ریان له‌لایەن خێزانەكانیانه‌وه‌ هانایان بۆ ئه‌و سه‌نته‌ره‌ هێناوه‌.
پاشان شانده‌كه‌ سه‌ردانى سه‌نته‌ره‌كەیان كرد و له‌ نزیكه‌وه‌ چاویان به‌ ئافره‌ته داڵده‌دراوەكان كه‌وت بۆئەوەی له‌ نزیكه‌وه‌ گوێیان له‌ كێشه‌ و گرفت و داواكارییه‌كانیان بێت، داڵدەدراوه‌كان باسیان له‌ بارودۆخى ناو سه‌نته‌ره‌كه‌ كرد و هه‌ندێ داواكاریشیان خسته‌ به‌رده‌م شاندى لێژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان و ئه‌وانیش له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ داواكارییه‌كانیان لێوه‌رگرتن بۆئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار باسى بكه‌ن و هه‌وڵى هاوكاریكردنیان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان بده‌ن له‌گەڵ خێزانەکانیان.