لێژنهی پێشمهرگه بهدواداچوون بۆ کێشە یاساییەکانی کەمئەندامان و بابەتی گرێبەستەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دهكات
دوای ئەوەی لێژنەی كاروبارى پێشمەرگە، دوو لێژنەی لاوەکیی پێکهێنا بۆ بەدواداچوونى کێشە یاساییەکانی کەمئەندامان و بابەتی گرێبەستەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ سێشهممه ٢٠٢٢/١/٢٢٥، لێژنەی کاروباری پێشمەرگە، بەسەرۆكایهتیی ڕێڤینگ هروری، سەرۆکی لیژنە و ئهندامیهتیی جێگری سەرۆکی لیژنە و بڕیاردەر و ژمارهیهك له ئەندامان و ڕاوێژکارى لێژنەكه، سەردانی وەزارەتی پێشمەڕگەى کرد و لهلایهن فەریق جەبار یاوەر مەندە، ئەمینداری گشتیی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی و بەڕێوەبەری گرێبەستەکان له وهزراهت، پێشوازیی لێكرا.
لە كۆبوونەوەیەكدا، باس لە ڕەوشی پێشمەرگە و هەنگاوەكانی چاكسازی و یەكگرتنەوە و یەکخستنەوەی سەرجەم هێزەکان لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا كرا و بە وردی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و بارودۆخی میحوەرەكانی پێشمەرگە و هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی و ڕۆڵی هاوپەیمانان لەو پەیوەندییانە بۆ لیژنەکە ڕوون کرایەوە.
لە تەوەرێکی دیكهی کۆبوونەوەکەدا، باس لە ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە کرا و هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی پێداویستیی سەنگەرەكانی پێشمەرگە و چارەسەكردنی كەموكوڕییەكان تاووتوێ كرا.
هەر لە كۆبوونەوەکەدا، ئەندامانی لێژنهكهی پەرلەمان بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتر لەبارەی بارودۆخی پێشمەرگە، چەند پرسیارێکیان ئاڕاستەی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە كرد، هەروەها باس لە و یاساو بڕیارانە کرا كە پەیوەندییان بە بواری سەربازییەوە هەیە.
دواتر لیژنهكه لەگەڵ هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی (خانەنشین و گرێبەستەکان و فەرمانگەی یاسایی) له وەزارەتی پێشمەرگە کۆبووەوە، بەمەبەستی تاووتوێکردنی دۆسیەی شەهیدان و کەمئەندامانی سەنگەر و کۆچکردووانی پێشمەرگە، لە ڕووی یاساییەوە بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانیان و پێداچوونەوە و ڕێکخستنەوەی کاروبارەکانیان.
لای خۆیانەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشین و گرێبەستەکان و فەرمانگەی یاسایی، بەگوێرەی کار و بەرپرسیاریەتییەکانی خۆیان، وەڵامی پرسیارەکانی لێژنەكهیان دایەوە.