Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ نه‌قیبی ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان و جێگره‌كه‌ی كرد

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١/٣٠، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، پێشوازيی له‌ حاكم ئازاد حه‌مه‌ده‌مین، نه‌قیبی ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان، بژار حه‌كیم، جێگری نه‌قیبى ڕۆژنامه‌نووسان كرد.
له‌ دیدارێكی نێوانیاندا باسی ڕه‌وشی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان و ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م كاری میدیایی به‌ گشتی و ئه‌و پاشاگه‌ردانییه‌ی كه‌ به‌هۆی سۆشیال میدیا و ئامڕازه‌ هاوچه‌رخه‌كانی گه‌یاندن دروستبووه‌ كرا، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ ئازادیی كاری ڕۆژنامه‌نووسی و ئازادیی ڕِاده‌ربڕین، دوو كۆڵه‌گه‌ی سه‌ره‌كیی كاری میدیایین و پێویسته‌ وه‌كو خۆیان ڕێزیان لێ بگیرێت، هاوكات میدیا ڕێز له‌ ئازادییه‌كانی تاك بگرێت و پیشه‌ییانه‌ و بێلایه‌نانه‌ ئه‌ركه‌كانی ڕاپه‌ڕێنێت، به‌ جۆرێك كه‌ ڕێز له‌ تایبه‌تمه‌ندی و ئازادییه‌ گشتییه‌كان بگیرێت، شكۆ و ناوبانگی خه‌ڵك بپارێزرێت.
دواتر هه‌ریه‌ك له‌ نه‌قیب و جێگری نه‌قیبی ڕۆژنامه‌نووسان، چه‌ندین بابه‌تی گرنگ و پرسی هه‌نووكه‌یی تایبه‌ت به‌ ڕه‌وشی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ خسته‌ ڕوو، كه‌ بوونه‌ته‌ مایه‌ی شێواندنی كاری ڕۆژنامه‌نووسی له‌ هه‌رێمی كوردستان دوور له‌ پره‌نسیپ و ئیتیكی كاری ڕۆژنامه‌نووسی، حاكم ئازاد حه‌مه‌ده‌مین، نه‌قیبی ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان گووتیشی: "بڕیار وایه‌ سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسان له‌ ٢٢ی نیسان، ڕۆژی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی، كۆنگره‌یه‌كی گه‌وره‌ ئه‌نجام بدات و تێیدا فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تیی ڕۆژنامه‌نووسی و چه‌ندین شاره‌زای نێوده‌وڵه‌تی و كه‌سایه‌تیی ئه‌كادیمی به‌شداری بكه‌ن.
لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌رك و ماندووبوونی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستانی به‌رز نرخاند، هیوای سه‌ركه‌وتنیشی بۆ خواستن له‌ ڕاپه‌ڕاندنی كاره‌كانیاندا.