Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ شاندێكی یه‌كێتیی نووسه‌رانی جینۆسایدی كوردستان كرد

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١/١٠، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ شاندێكی یه‌كێتیی نووسه‌رانی جینۆسایدی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سالار مه‌حمود، سه‌رۆكی یه‌كێتیی نووسه‌رانی جینۆسایدی كوردستان كرد.
له‌ دیدارێكدا باس له‌ چۆنیه‌تیی هه‌ماهه‌نگیكردنى یه‌كێتیی نووسه‌رانی جینۆساید له‌گه‌ڵ داموده‌زگانی ده‌وڵه‌ت له‌ په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كان كرا به‌مه‌به‌ستی هاندانیان بۆ گرنگیدان به‌ پرسی جینۆساید و به‌شداریكردن له‌ كۆنگره‌ و كۆنفڕانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌پێناو ناساندنی جینۆسایدى كوردستان، هه‌روه‌ك باس له‌ گرنگیی به‌ دۆكیۆمێنتكردنی تاوانی جینۆساید له‌ ناوه‌نده‌كانی په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵادا كرا.
شانده‌كه‌ مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ڕوونكرده‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێ له‌ ڕێگه‌ى پڕِۆژه‌یاسایه‌كه‌وه‌ یه‌كێتییه‌كه‌یان بناسێنن بۆئه‌وه‌ى بتوانن یاسایه‌كیان هه‌بێت و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و یاسایه‌ كاروباره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن.
لای خۆیه‌وه‌ د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پشتیوانیی خۆی بۆ داواكه‌یان ده‌ربڕی و ڕاشیگه‌یاند: "پێشكه‌شكردنی ڕه‌شنووسی هه‌ر پڕِۆژه‌یاسایه‌ك پێویستیی به‌ پشتگیری و واژۆی ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان هه‌یه‌، هیواخوازین لێژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌مانیش پێشوازیی لێبكه‌ن بۆئه‌وه‌ی بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌".
له‌ به‌رامبه‌ردا سالار مه‌حمود، سه‌رۆكی یه‌كێتیی نووسه‌رانی جینۆسایدی كوردستان، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد بۆ پشتیوانیكردنیان له‌ ڕِه‌شنووسی پڕِۆژه‌یاساكه‌یان و گرنگیدانیان به‌ پرسی جینۆساید و ئه‌نفالكراوان.