Skip to the content
Menu

بەیاننامەی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی دووبارە هێرش کردنەوەی لەیاسا دەرچووکان بۆ کێڵگەی کۆرمۆر

بەداخەوە جارێکی دیکە گرووپە لە یاسا دەرچووە گێرەشێوێنەکان هێرشیان کردەوە سەر کێڵگەی کۆرمۆر. ئەوەش درێژکراوەی زنجیرەیەک هێرشی ترسنۆکانەیە بۆسەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان کە بەپێی یاسا بەرکارەکان و دەستووری عێراقی بۆ بەرژەوەندی خەڵک فەراهەم کراوە.
وێڕای بە توندی سەرکۆنە کردنی ئەو هێرشانە، بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین پابەندییان بە هەماهەنگییەکانیان لەگەل حکومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر بکەن، و ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە لەو ناوچانە دروست بووە پڕ بکەنەوە.
هاوکات ئەرکی حکومەتی عێراقیشە بەپەلە ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەستگیربکەن و رووبەڕووی یاسایان بکەنەوە، و هەموو رێکارێک بگیرێتە بەر بۆ رێگریکردن لەو گرووپە لە یاسا دەرچووانە لە دووبارەکردنەوەی ئەو جۆرە هێرشانە.
دامەزراوەکانی وزەی هەرێمی کوردستان بەپێی یاساکانی کوردستان و لە چوارچێوەی دەستووری عێراق بنیاتنراون و موڵکی خەڵکی هەموو عێراقن، و ماف و دەسکەوتی خەڵکی کوردستانن، بۆیە پێویستە پارێزگاری تەواویان لێ بکرێت، بۆ ئەمەش لێژنەکانی ناوچە کوردستانییەکان و وزە و سامانە سرووشتییەکان و ناوخۆ و پێشمەرگە رادەسپێرین تا لەگەل لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەدواداچوونی ورد بکەن لە هۆکاری دووبارە بوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە و چۆنیەتی زامنکردنی زیاتری ئاسایشی دامەزراوەکانی ژێرخانی ئابوری ھەرێمی کوردستان.

پەرلەمانی کوردستان
۲۰۲۲/۷/۲٥