Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی سه‌ردانی ئه‌كادیمیای كوردی ده‌كات

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٧/٥، د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌ردانی ئه‌كادیمیای كوردی كرد و له‌لایه‌ن د. عه‌بدولفه‌تاح بۆتانی، سه‌رۆكی ئه‌كادیمیا‌ و جێگر و ئه‌ندامانی ئه‌كادیمیاكه‌وە‌ پێشوازیی لێكرا.
له‌ دیدارێكدا، سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئه‌كادیمیا‌كه‌ پوخته‌یه‌كیان له‌باره‌ى كار و چالاكی و كێشه‌ و گرفته‌ یاسایی و كارگێڕییه‌كانی ئه‌كادیمیا خسته ڕوو.
هەردوولا له‌سه‌ر كاره‌كانی ئه‌كادیمیا و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رك و هه‌وڵه‌كانیان بۆ زیاتر به‌ره‌وپێشچوونی كار و پلان و به‌رنامه‌كانیان بەمەبەستی زیاتر خزمه‌تكردن به‌ بواری كتێب و فه‌رهه‌نگی كوردی، تاووتاوێ کرد.
سه‌رۆك و جێگر و ئه‌ندامانی ئه‌كادیمیاكه‌، باسیان له‌ ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌ ئه‌كادیمییه‌كانی ده‌وروبه‌ر كرد له‌چوارچێوه‌ی كاری ئه‌كادیمیای کوردیدا.
د. هێمن هه‌ورامی، وێڕِای ده‌ستخۆشی له‌ كارو هه‌نگاوه‌كانی ئەکادیمیای کوردی، ئاماده‌یی په‌رله‌مانی بۆ هه‌موو جۆره‌ هاوكارییه‌ك له‌ چوارچێوه‌ی كاری په‌رله‌مانی نیشاندا، هاوكات ته‌ئكیدی لەوە کردەوە کە لێژنه‌ی ڕِۆشنبیریی په‌رله‌مانیش بۆ به‌دواداچوونی كارە‌كانیان لەگەڵ دامەزراوەکەیاندا لە هەماهەنگیدا دەبێت.
پاشان د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، كتێبخانه‌ و به‌شه‌ جیاجیاكانی ئه‌كادیمیاكه‌ی به‌سه‌ر كرده‌وه‌.