Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی سه‌ردانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی له‌ میحوه‌ری پردێ-ڕۆژئاوای کەرکوک كرد

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ١٠ی ته‌مووزى ٢٠٢٢، له‌ دووه‌مین ڕۆژی جه‌ژنی قوربانی پیرۆزدا، د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌مه‌به‌ستی جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌كردن و له‌ نزیكه‌وه ئاگاداربوون له‌ رٍه‌وشی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و دۆخی ئه‌منیی سنووره‌كه‌، سه‌ردانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی له‌ میحوه‌ری پردێ- ڕۆژئاوای کەرکوک و سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگریكردنى له‌ سنووره‌كه‌ كرد و له‌لایه‌ن نوری حه‌مه‌ عه‌لی، به‌رپرسی میحوه‌ر و فه‌رمانده‌ و ئه‌فسه‌رانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ سنووره‌كه‌ پێشوازیی لێكرا.
له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌یدا، د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، پیرۆزبایی جه‌ژنی قوربانی له‌ به‌رپرسی میحوه‌ر و فه‌رمانده‌ و ئه‌فسه‌ران و پێشمه‌رگه‌كان كرد و ئازایه‌تی و قاره‌مانییه‌تی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ى له‌ شه‌ڕى دژ به‌تیرۆریستانی داعش و به‌رگریكردن له‌ خاك و خه‌ڵك و پاراستنی قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمى كوردستان به‌رزنرخاند، ئاماده‌یی په‌رله‌مانی كوردستانیشى بۆ هه‌ر پڕۆژه‌ و پێشنیازه‌یاسایه‌ك كه‌ بۆ خزمه‌تكردنی زیاترى هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بێت ده‌ربڕی و ڕاشیگه‌یاند: "هێزی پێشمه‌گه‌ی كوردستان به‌وپه‌ڕی له‌خۆبردووییه‌وه‌ سه‌لماندوویانه‌ كه‌ هه‌میشه‌ قه‌ڵغانێكی به‌هێزن بۆ پاراستنی كوردستان و قه‌واره‌ ده‌ستوورییه‌كه‌ی".
دواتر د. هێمن هه‌ورامی، سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و ئه‌و لیوایه‌ی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی كه‌ له‌و سنووره‌یه‌ به‌سه‌ر كرده‌وه‌.