Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی پێشوازی لە کۆنسوڵی گشتی ڕووسیای فیدڕاڵ کرد

ئەمڕۆ یەکشەممە ۲۰۲۲/۷/۲٤، د. هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پیشوازی له‌ ئۆلێگ ڤلادیمیرۆڤیچ لێڤین، كونسوڵی گشتیی كۆماری ڕووسیای فیدڕاڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد، کە بەبۆنەی کۆتایهاتنی ئەرکەکەی لەهەرێمی کوردستان سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کردبوو.

له‌ دیدارێكدا د. هێمن هەورامی سوپاسی کۆنسوڵی ڕووسیای کرد لە پای ئەو ئەرکانەی کە وەکو کۆنسوڵی گشتی ڕووسیای فیدڕاڵ لە هەرێمی کوردستان ئەنجامیانی داوە و لە ماوەی ڕابردوو هەوڵی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی کوردستان و ڕووسیای داوە، هیوای سەرکەوتنی لە کاری داهاتوودا بۆ خواست.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئه‌منى و ئابوورییەکانی ئەمڕۆی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا.

هەردوو لا جەختیان لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ڕووسیای فیدڕاڵ لە ڕووی ئابووری و وەبەرهێنان و خوێندنی باڵا کردەوە.

لەلای خۆیەوە ئۆلێگ ڤلادیمیرۆڤیچ لێڤین، كونسوڵی گشتیی كۆماری ڕووسیای فیدڕاڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە لەو ماوەیەدا لە هەرێمی کوردستان کاریکردووە، هاوکات سوپاسی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی کرد کەلەماوەی کارکردنیدا وەکو کۆنسوڵی گشتی ڕووسیا لە چوارچێوەی دیپلۆماسیەتی کاری پەرلەمانیدا هاوکار و هەماهەنگ بوون.