Skip to the content
Menu

د. هێمن هەورامی پێشوازی لە سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە کرد

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ۲۰۲۲/۷/۲٥ د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازی لە عبدالرحمن صدیق سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا، بە تێرو تەسەلی باس لە ژینگەی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا، هاوکات سەرجەم ئەو گرفت و فاکتەرانە خرانە بەرباس و گفتوگۆ کە دووچاری ژینگەی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە، پاشان لەلایەن سەرۆکی دەستەکەوە سەرجەم ئەو پلانانە خرانەڕوو کە لە داهاتوودا دەستەکە بە نیازە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامیانبدات، بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتە ژینگەییەکانی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی دەستەکە باسی لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، و ئەوەی خستەڕوو کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە دەڕوانێتە پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، و لە هەوڵی ئەوە دایە کە چۆن سوود لە وزەی پاکی دۆستی ژینگە وەربگیرێت و پیس بوونی ژینگەیی هەنگاو بە هەنگاو لە هەموو ڕوویەکەوە کەم بکاتەوە، دواتر کار و چالاکی سێ ساڵی ڕابردووی دەستەی ژینگەی پێشکەش بە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرد.

لەلایەن خۆیەوە د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، وێڕای دەستخۆشی لەسەرجەم ئەو کارانەی لە ماوەی ڕابردوو دەستەی پاراستنی ژینگە ئەنجامی داوە، هاوکات پاڵپشتی و پشتیوانی پەرلەمانی کوردستانی لە ڕێگەی لێژنە تایبەتمەندەکانەوە بۆ دەستەکە خستەڕوو، جەختیشی لە جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوانە کردەوە کە لە پلانی دەستەکەدا هەیە بۆپاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان.