Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ بەڕێوەبەری نووسینگەی هاوکاریی هەڵبژاردن لە نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق كرد

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٧/٦، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ ئه‌میر ئاریان، بەڕێوەبەری نووسینگەی هاوکاریی هەڵبژاردن لە نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و ڕیكاردۆ ڕۆدریگز، به‌رپرسی نووسینگه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ هه‌ولێر كرد.
له‌ دیدارێكی نێوانیاندا دواین به‌ره‌وپێشچوونه‌ سیاسییه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسیی عێراق و كوردستان، گفتوگۆی تێروته‌سه‌لیان له‌باره‌وه‌ كرا، ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی گرنگی دیداره‌كه‌ بوو.
د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌باره‌ت به‌ چه‌قبه‌ستوویی دۆخه‌كه‌ و نه‌گه‌یشتنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ ڕێككه‌وتنێكی گونجاو، ڕایگه‌یاند: "ئێمه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای پرۆسه‌كه‌دا ڕوانگه‌ی ڕاشكاوانه‌ی خۆمان خستووەتەڕوو كه‌ گه‌یشتن به‌ ڕێككه‌وتن وابه‌سته‌ی سازان و لێكتێگه‌یشتنی ھەمەلایەنەی نێوان حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه، له‌سه‌ر بنه‌مای دیالۆگی نیشتمانی، یه‌كتری قبووڵكرن". گووتیشی: "سازشكردن له‌سه‌ر هه‌ندێك ماف و ده‌ستپێشخه‌ریی بوێرانە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن ئەركێكی نیشتمانییە بۆ دەربازكردنی عێراق لەم دۆخه‌ چه‌قبه‌ستووه‌ی كه‌ تێی كەوتووە لە ناسەقامگیریی سیاسی و ئابوورى".
لە تەوەرێكی دیكەى گفتوگۆكاندا، باس له‌ ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی پەرلەمانی كوردستان و چەند پرسێكی ھەنووكەیی و ڕوانگەی حزبە سیاسییەكان له‌سه‌ر ھەڵبژاردن و میكانیزمی كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن، تۆماری دەنگدەران و بازنەكانی ھەڵبژاردن كرا و سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕاشیگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن په‌رله‌مان له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌ هاوكار و هه‌ماهه‌نگیان ده‌بێت".
لای خۆیانەوە ئه‌میر ئاریان، بەڕێوەبەری نووسینگەی هاوکاریی هەڵبژاردن لە نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كرد بۆ خستنەڕووی ھەموو ئەو زانیارییە بەنرخانەی كە لەمیانی دیدارەكەدا خستیانە ڕوو.